مانگە شەوی عێراق سەر لە بەری دیارە
PM:02:25:14/01/2022
8972 جار خوێندراوەتەوە
نەبەز جەلال
+
-
باشی سیاسەتی بەناو سیاسیەکانی
ئەم عێراق و عێراقییە سەر لێشێواوانە لەوەدایە کە ھەمیشە پولی دەستی دۆمینە گیراوەکەی
سیاسەتیان ئاشکرایە و ناتوانن و ناشزانن یەک
تۆزقاڵ چییە دەستەکەیان لە خەڵک بشارنەوە و بپارێزن، چونکە بێئاگایی و نەزانی ئەو
داماوانە لە سیاسەت و تێگەیشتنیان وەک گەمەی دۆمینە وایە و تەنھا ژمارەی خاڵ و پولەکانی
دەستیان لە بەرامبەر یەکگیردەکەن و ھەنگاوی بێ خواستی خۆیان دەلکێنن بەیەکەوە.
ئاخر خۆ سیاسەتكردن لەم
ناوچەیە ھەر وەک ساڵە كۆنەكانی سیاسەتە و ھیچ نەچۆتە پێشەوە و ھەر وەستاوە، بۆیە ھەتا
ئێستاش ھەر جوڵەیەک پێش ئەوەی خۆیان باسی بکەن و بۆی بجوڵێن، ھێزە ئیقلیمییەکانی دەورووبەر
بەجۆرێک لە جۆرەکان بۆ خەڵکەکەی روون و بەیان دەکەن و پێیان دەڵێن کە ئەوانن نەک ئەمانی
بێدەسەڵاتی نوێنەریان.
دانانی مەرج لەسەر پۆست و
ناوی کەس و جوڵەی ھێز و دابەشکردنی جوگرافیای شەڕگەکان و دروستکردنی باڵانسی ھێز و
پڕچەککردنی حەشدی شەعبی و ھانابردن و بەپیرەوە چوونی قاسم سلێمانی لە عێراق و
کوشتنی لە پایتەخدا و چەندین جۆری بازرگانی و بەرژەوەندی ناوچەیی و داھاتی و ..
ھتد.ـ بەڵگەی
بوونی ئەو دەسەڵاتە دەرەکیەن لە عێراق و ناوچەکەدا.
ئەمانیش ئەوەندە بەوەفاو دڵسۆزن.!
ناوێرن بە موو لێی لابەن و نوکە نقەیەکی ناڕەزایشبەرامبەر ئەو بێنرخیکردن و روو ھەڵماڵینەیان دەرببڕن.
ھێزە گەورەکانی دەرەوە و
ناوچەکە سەری خەڵکی عێراقیان بەتونێلێکی تاریک و پرۆسەیەکی ھەڵبژاردنی« گوماناویی
و کەسیش قسەنەکات »دا برد و تێپەڕاند.
سەرەتای کارکردن و پلانی پێشوەختەی
زلھێزەکان بۆ نەھێشتنی ئومێدی دەنگدەران و دورخستنەوەی دەنگە بزۆک و بزێوەکانیش مەبەستێکی
دیاریکرابوو، ئەنجامیشیان کۆکردنەوەی ھێزە بەناو پوخت و سافەکەی خۆیان بوو، بۆ تەواکردنی
پرۆسەی بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی ئەرکە تەواونەکراوەکانی مەرامی خۆیان بەدەستە
شاراوەو سێبەرەکانیان لە ناوەوەو دەرەوەی خاکی عێراق و کارکردنیان بەو نوێنەرە ھاوبەش و سیاسیانەی لە
ھەر سێ بەش و پێکھاتەکەی گەل و خاکی عێراقدا مەبەست بوو.
ئێستا دەیانەوێ دوای تەواوبوونی
سیناریۆی ھەڵبژاردن، پرۆسەکە بەردەوامبێ و ھەر سێ براوەکەی شیعە و کورد و سونە، بەناوی
ئەرک و بەرپرسیارێتی براوەی سندوقەکانی دەنگدان، بکەنە سەرە رمی پارسەنگی ھێز و
ململانێ زۆر و درێژەکەی ساڵانی رابوردووی شەڕو پەرتەوازەیی و ئاژاوەگێڕی خاکی عێراق
و گرنگی بدەنە دەسەڵاتە سەپاوەکەی ئێستا و ھەنگاوە درێژکراوەکانی داھاتووی پێبسپێرن،
کە تێیدا قوربانییەکان خەڵکەکەی بۆ گرنگ نەبێ و بیر لە بەردەوامی جێکردنەوە و تۆکمەیی
خۆی بکاتەوەو فێڵ بە دوای فێڵدا دۆخەکە تێیدەپەڕێنێ و ئازاری ئەو خەڵکەش نەبیستێ.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ھەموو
دنیا دەزانێت دەنگی دەنگدەرانی ئەمجارە پڕبوون لە وەڵامی نەرێنی خەڵک و بەدەنگێکی
بەرز، زۆرینەی میلەت ھاواریکرد کە ئیتر نایەوێ لە ژیانی رابوردوی خۆیدا بە وجۆرە لە
ژێردەستەیی و نادادی و نەشیاوی ژیاندا بمێنێتەوە.
بەم جۆرە لە ترۆپکی سیاسی
ئێستادا بە روونی دەردەکەوێ کە عێراق بۆتە شوێنێک بۆ پێکەوە نەژیان و رێگە ئاراستەی
دوورکەوتنەوەو دابڕان لەیەکترو، ئیتر ھیچ مەزھەب و ھێزێک ناتوانێ لەگەڵ ئەوی تردا
بە بێ مەرج بژی.
خوێن و زوڵم و برین و
ئازارەکانیان سەبوری و تەسکینی پێکەوەییان بۆ ناھێنێ و ناتوانن ئەمە شۆڕەکەنەوە بۆ
ناو خەڵک، خەڵکیش چاوەڕوانی جوڵە وەڵامە لە دەسەڵاتی رەوای گەل، نەک لەو دەسەڵاتەی
ئێستا بە نایاسایی و سێبەر دەچێتەوە سەر کورسی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن، حکومەت دروست
بێت یان نا خەڵک ھیچ جۆرە چاوێکی باش و ئومێدی لەسەری نییەوە ئاراستەی داواکارییەکانی
خۆی ناگۆڕێ و عێراق دەبێتەوە شوێن شەڕو ململانێ و لابردنی ھێزە سەپاوەکان و
دوورخستنەوەیان دەبێتە چارەسەر.
لەم جوڵەیەشدا گەر کورد یەکگرتوو
یەک ھێز نەبێ و خۆی لە پەرتەوازەیی بەدوور نەگرێ و وەک ئێستا ھەر بەو جۆرە ناجۆر و
نالەبارییە شیر و تیر لەیەک بسوێ و بەردەوامبێ و دەست لە ملھوڕی حیزبی و سیاسی خۆی
ھەڵنەگرێ، بەدڵنیایی وەک رابوردوو دەبێتەوە خۆراکی دوژمنان و ماڵ وێرانی ناوخۆیی و
دەرەکیش دەبێتەوە چارەنوسی.
لە کۆتایی ئەم ھەڵوەشاندنەوە
و دابەشبوونەی عێراقیشدا دەبێت بەناچاری و مەجبوری خۆی بکاتە داردەستی یەکێک لە
ھام نشین و ھاوسنورەکانی خۆی و، ژێر چەپۆکی زەلیلی و سەرکوتکردن بۆ خۆی ھەڵبژێرێ و
بە بینینە بچوککراوەییەکانی بەرامبەرمان رازیببێ.
کەبەداخەوە ئەوسا تەنھا
ناوەکەی لە شیمالی حەبیبی عێراقەوە دەبێتە شوێن ژێر چەپۆک و بندەست و گوێ لە مشتی
دەستی دەسەڵاتەکانی خاکی تورکیا یان ئێران یان ئەگەری دروست بوونی شوێنێکی تر؛ ئەوکات
قۆناغەکانی ژیانیشمان وەک گەمەی مارو پەیژەکە بە ھەڵدانی زاری بەدبەختی و نەزانی دێتەوە
خوارەوەو، دەبێت ھەموو بە دەستپێکی دروشمێکی سەرەتایی نوێ دەسپێبکەین و سرودێکی تر
بۆ ئازادی و ئازاری قوربانییەکانی میلەت بڵێین و رێی تولەرێگایەکی تری پڕ خەباتی چەندە
سەخت و دوور بێی شکست و بێ کۆتایی بەناوی کوردەوە بدەین بە گوێی دونیاداو ئەوانیش
لێمان نەبێستن و بە بزەشەوە پێمانبڵێن رۆژێکی نوێی ژیانی پڕ نەزانینتان باش.