سەردێڕ:

میلەتێک لەچاوەڕوانی مووچەدا؟

PM:09:33:28/06/2025
7040 جار خوێندراوەتەوە
شیروان محەمەد حەسەن
+ -

لە دوای ساڵی ٢٠١٤ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و فەرمانبەران بە تایبەتی کەوتنە دۆخێکی خراپی دارایی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەرێم لەژێر ناوی ئابوری سەربەخۆدا دەستی کرد بە فرۆشتنی نەوت، ئەوەش بووە هۆکارێک کە گرفتی گەورە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بێت، چونکە هەر ماوە و بە جۆرێک عێراق ئامادە نەبوو، پارە بنێرێت، چونکە هەرێم پابەندی هیچ جۆرە رێکەوتنێک نەدەبوو نەوتی دەفرۆشت و داهاتی نەبوو.

هەنگاوەکانی بەناو حکومەتی هەرێم وایکرد، فەرمانبەران پلە بەرزکردنەوەیان رابگیرێت، ئەوەش وایکرد بڕێکی زۆر پارە بۆ حزبەکانی دەسەڵات بگەڕێتەوە و هەمیشە رێگەیان نەداوە فەرمانبەرانی شایستە بچنە پێشەوە و تا ئێستاش ئەو ستەمە لە فەرمانبەران بەردەوامە، هەرچەندە پلە بەرزکردنەوەی هێزه سەربازی و ئەمنیەکانیان دەستپێکردووەتەوە.

لە دوای راگەیاندنی ئابوری بەناو سەربەخۆ تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کورستان نزیکەی ٦٠ مووچەیان وەرنەگرتووە و تا ئەم ساتەش هیچ باسێک لە گێڕانەوەی ئەو مووچانە نیە، سەرەڕای ئەوەی بەناو حکومەتی هەرێم مووچە دابەش ناکات، بەبیانوی جیاواز، کەچی به سەدان جۆر باجی لەسەر هاوڵاتیان زیادکردووە، لەکاتێکدا ئەم باجانە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بەکارنایتەوە و دەچێتە گیرفانی چەند دەستە و گروپێکی تایبەت، ئەوانیش بۆ خوشگوزەرانی خۆیان بەکاری دێنن.

لە ئێستادا حکومەتی عێراق پارەی نەناردووە، کەچی حکومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی خۆی نەوت بە تانکەر دەفرۆشێت و کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆی بەردەوامە، کەچی فەرمانبەران دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و بەرپرسانی هەرێمیش خۆیان لە ئاست گرفتی مووچەخۆران بێدەنگ کردووە و ئامادە نین لەو پارەی دەیان ساڵە لە هاوڵاتیانی دەدزن، مووچەی مانگێک دابەش بکەن.

لە ئێستادا بەهۆی دابەشنەکردنی مووچە دۆخی بازاڕ، پڕۆژەکان، خزمەتگوزاری، لە ئاستێکی زور خراپدایە، بەڵام ئەوەی سەیرە وەک حکومەت هیچ باکی بە ژیانی خەڵک نیە، هاوڵاتیانیش بەرامبەر داواکردنی مافەکانیان بێدەنگن، هەرچەند لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، بەهۆی پێنەدانی مووچە بایکۆتی دەوام لە هەندێ فەرمانگ راگەیەندراوە.

گەلەری