پڕۆژەی بڕینی مووچە و دژە پڕۆژە
PM:09:08:26/06/2025
2184 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+
-
بڕینی مووچەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی سیاسییە بۆ تێکشکاندنی هەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە لە بەرامبەردا هەرێم دژە پڕۆژەی هەبێت بۆ بەرپەرچدانەوە یاخود ئەرلتەرناتیف و ڕاگرتنی هاوسەنگی. دژە پڕۆژەش یاخود ئەلتەرناتیف بەرمەبنای ڕاستگۆی سیاسی و دڵسۆزی دەبێت، بۆ ئەوەی دژە ئارگۆمێنت یان دژە پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەمان هەبێت ئەویش پێویستمان بەیەکانگیرییەکی بەرەی ناوخۆیی هەیە بەبێ ئەم یەکانگیری یە هیچ هەنگاوێک یان پڕۆژەیەکی کوردی سەرکەوتوو نابێت، هەرچەندە زۆر جێگای ئومێد نیە حزبی کوردی ئەو یەکانگیری یە دروست بکات، دواتر ئەگەر توانیمان ئەو یەکانگیرییە درووست بکەین بۆ خستنە سەر ڕێی پڕۆژەیەکی ئەلتەرناتیف، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئابووری ناوخۆ لە کۆی داهاتە نەوتی و نانەوتیدا لە ژێر چەتری شەفافیەتێکدا ڕابگەیەندرێت تا خەڵک باوەڕی پێبکات، نیشاندانی خەرجی و داهات بۆ ڕایگشتی بە وردی دەستنیشان بکرێت تا خەڵک لە گومان و دوودڵی ڕزگاربکرێت، دواتر پێویستە بزانین دژە پڕۆژە تەنها بە حکومەت ناکرێت، بەڵکو دەبێت پرۆژەیەکی نیشتیمانی بێت حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و پەرلەمان هاوکاربن لەو پرۆژەیەدا.
هەرچەندە پەرلەمان کارا نییە ئەمەش خاڵێکی لاوازی سیاسی پرۆسەی سیاسیی هەرێمە، لەو پرۆژەی ئەلتەرناتیفەدا لە ڕێگای فشارو کەناڵی دیبلۆماسی و دەستووری و یاساییەوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیەی حکومەتی عێراقی کە مووچەی هاوڵاتی هەرێمی کوردستانی بڕیووە جوڵەیەکی بەرنامەدار بکەین، بۆ ئەوەی ڕای گشتی و کونسۆڵخانەکان و حکومەتی عێراق تێبگەیەنین کە هەر حکومەتێک مووچەی هاوڵاتیان و سیاسەتی برسیکردن بکاتە کارتی فشار، ئەو حکومەتە ڕەوایی سیاسی و قانونی و ئەخلاقی لەدەست دەدات، ئەگەر حکومەتی فیدراڵ کێشەی لەتەک حکومەتی هەرێم هەیە، دەبێ دەستوور حەکەم بێت لەنێوانیاندا نەک سیاسەتی برسیکردنی خەڵک پیادەکات.
بۆیە پێویستە پڕۆژەی هەرێم ئەو بەرپرسیارێتیە بخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق بەمەرجێ هەرێم کەموکوڕی و خاڵە لاوازەکانی دەستووری و یاسایی خۆی چارەسەر بکات، لێرەوە دەتوانین ئیستیقراری دارایی و سیاسی و دەستەبەرکردنی ژیانی شایستە بۆ هاوڵاتیان دابین بکەین ئەگینا گفتوگۆی بێزەنتی نێوان هەرێم و بەغداد (هێلکە لە مریشکە یان مریشک لەهێلکە)یە کۆمەڵگا دادەڕزێنێ و هەڵی دەوەشێنێتەوە، بۆیە حکومەتی هەرێم دەبێت چارەسەرێکی خێرا بۆ موچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدۆزێتەوە یان ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ لەتەک حکومەتی فیدراڵدا بکات، بۆ ئەوەی ئیتر خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێم لەم گرفتە گەورەیە قورتاریان ببێت.