کارەبامان هەیە، کەچی کارەبامان نییە!
PM:08:31:22/05/2025
3000 جار خوێندراوەتەوە
ئاکام عەبدوڵا
+
-
ئەم قسەیە بە هەر کەس بڵێیت، ئەگەر تۆزێک عەسەبی
بێت لەوانەیە زلـلەیەکی چاک لە بناگوێت بدات و روومەتت بۆ بکات بە گڵۆپی شەستی،
ئاخر چۆن دەبێت کارەبات هەبێت کەچی کارەبات نەبێت؟ ئەمە وەزعی ئا ئێستەی خەڵکە
بەدەست جەنابی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانیی جێگرییەوە، لەوەتەی ئەم پڕۆژەی
تاریکییەیان دەستپێکردووە، هەر ماڵێک بەشدار بووبێت لە پڕۆژەکە داد و بێدادیەتی
لەدەست نرخەکەی، مەسرور بارزانییش دەڵێت خەتا لە خەڵکە و خۆیان نازانن کارەبا
بەکاربهێنن، ئاخر جەنابی ئەزبەنی، مەعقولە من نەوێرم گڵۆپێک هەڵکەم لە ماڵەکەمدا
بۆیی سەری مانگ جەنابت نەیەیت و بڵێیت بێنە ١٥٠ دانە هەزار دینار پارەی کارەبام
بەرێ، بە چی ویژدان و بە چی یاسا و قانوونێک هاتوون نرخی کارەباتان لەسەر خەڵک
گەیاندووەتە کەشکەلانی فەلەک؟ تەبعەن هەرچەن پڕۆژەکە هی مەسرور بارزانییە، بەڵام
یەکێتییش شەریکە بەشیانە، ئەوەتا جەنابی قوباد تاڵەبانیی جانتاهەڵگر! "ئەمە
قسەی ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتییە و هی من نییە"، دەڵێت، لە پڕۆژەکە
رازین و لە سود و قازانجی خەڵکی فەقیرە، کام خەڵکی فەقیر؟ ئاخر خەڵکی فەقیر لەکوێی
بوو هەموو مانگێک کۆڵێ پارە بات بە کارەبا؟ معاشەکەتان جوانە؟ بازاڕەکەتان جوانە؟
بۆ ژیانتان بۆ خەڵک هێشتووەتەوە؟ بۆ خەڵک لەبەر باج و سەرانەی ئێوە فریا ئەکەوێت
دوو دینار پاشەکەوت بکات؟ ئەگەر رووتان هەیە فەرموون شەوێک سەرێک بەن لەو
گەڕەکانەی پڕۆژەکەتان بۆ بەستوون، شەرتبێ بزانە ناکەونە چاڵێکەوە، لەبەر ئەوەی یەک
دانە گڵۆپ تیایاندا ئیش ناکەن، ئێ خەڵک ناوێرێت گڵۆپێکیش هەڵبکات لە ترسی ئێوە!
کارەبای ٢٤ سەعاتی بۆ بەستراوە، بەس فانۆسیان داگیرساندووە، ناوێرن کاکە ناوێرن!
لەکوێی بێنن؟ بزانین خەڵک هەڵوێستی چی دەبێت، ئەوە هەڵبژاردن هەر پێنج مانگێکی
ماوە، بزانین خەڵک ئەم مشەخۆرانەیان ئەوێتەوە ئاوا بیانچەوسێننەوە، یان حزب و
هێزێکی نوێ ئەکەن بە نوێنەری خۆیان و کۆتایی بە زوڵمی ئەم جوتە بنەماڵەیە دەهێنن.