سەردێڕ:

قسەی دڵیان کرد!

PM:11:16:19/05/2025
2372 جار خوێندراوەتەوە
جوتیار کەمال جەبار
+ -

هەموومان حەوت هەشت مانگێک پێش ئێستەمان لەبیرە، ئەوکاتەی لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردن بافڵ تاڵەبانی هەر رۆژە و لە شارێکەوە خەریکی هاوار هاوار و پێدانی بەڵێنی گەورە گەورە بوو بە دەنگدەرانی حزبەکەی، جار نەبوو بە پارتی و خودی مەسرور بارزانی و پڕۆژەکانیشیدا نەیەتە خوارەوە و بەڵێنی رووخاندنیان نەدات، خەڵک وای لێهاتبوو قەناعەتی پێ کرد کە ئەم کابرایە هەر بەڕاست ئەتوانێ ئەم بەڵێنانەی جێبەجێ بکات.

ئێستا کە هەڵبژاردن تەواو بووە، نە ئەو بافڵ تاڵەبانییە دیار ماوە کە هەر رۆژە و مایکێکی دەشکاند، نە بەڵێنەکانی، کورد وتەنی وایزانی رادیۆیە و بەڵێنەکانیشی هاوشێوەی مایکەکان شکاند. ئەو مەسرور بارزانییەی دەیوت دەیڕوخێنم و بەبێ ئۆکەی من نابێت بە مودیر عام، ئێستا بافڵ تاڵەبانی بە ناچاری دەیکاتەوە بە سەرۆکی کابینەی دەیەم و وەک خۆشی دەڵێت، زۆر خۆشحاڵە کە لەگەڵ جەنابی مەسرور بارزانی دادەنیشێت و دانیشتنی لەگەڵ ئەو زۆر پێ خۆشتر و باشترە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. ئەو هەژماری منەشی کە ئەیوت هەژماری مەسرورە و هی ئێمە نییە، ئێستا دەڵێت پڕۆژەیەکی باشە و ئێمە کاتی خۆی لێی تێنەدەگەیشتین.

هەرچی قوباد تاڵەبانیی براشیەتی، ئێستا بایداوەتەوە بەلای پارتیدا، ئەوەتا دەڵێت لە هەژماری من رازین و پڕۆژەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەش لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەمدەرامەتە! ئاخر جەنابی جێگری سەرۆک وەزیران، خەڵکی کەمدەرامەت لەکوێی بوو هەموو مانگێک 200 هەزار دینار بدات بە کرێی کارەبا!

یەکێتی کاتی بانگەشە هیچ قسەیەکی نەبوو بۆ خەڵک و دەنگدەرانی، لە چەند ساڵی رابردوو لەگەڵ پارتی موچەی خەڵکیان بڕی، باجیان بۆ سەرشانی خەڵک چەندین هێندە زیادکرد، دەستی لەناو دەستی پارتی بوو بۆ بردنی داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوت و وەرگرتنی سەرانە لە خەڵك، هەر بۆیە کاتی بانگەشە بافڵ تاڵەبانییان کردە سورەی بەر لەشکر و وا پشانی خەڵکیان دا کە گوایە دژی پارتییە و دەنگدەرانی خۆیان فریودا، هەر دوای هەڵبژاردنیش یەکسەر ملی رێی هەولێریان گرتەوە و پیرمام و بەردەرگاکەی مەسرور بارزانییان کردووە بە رێی کانی!

ئێستاش، بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق کە شەش مانگێکی ماوە، بزانین چی درۆ و بانگەشەیەکی دیکەیان پێیە بۆ دەنگدەرەکانیانی بکەن! ئاخۆ دەنگدەرەکانی یەکێتی جارێکی دیکە باوەڕ بەو بەڵێنانەی بافڵ تاڵەبانی دەکەنەوە کە هەر دوای هەڵبژاردن وەک بڵقی ژێر ئاو دەتەقن و ون دەبن!؟



گەلەری