لەودیوی دەرگا داخراوەکانەوە
PM:05:03:12/05/2025
2076 جار خوێندراوەتەوە
سەربەست سەعید ساڵح
+
-
حەوت مانگە
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، تا ئێستا نەک هەر حکومەتی نوێ
پێکنەهێندراوە، بەڵکو بەپێی یاسا ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بە هەڵوەشاوە حسابە
و دەبێت هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، چونکە دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵنەبژێردراوە،
بەپێی یاساش لەدوای بانگهێشتی سەرۆکی هەرێم بۆ بەستنی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان،
ئەگەر لە ٤٥ رۆژدا پەرلەمان نەبەستراو و پەرلەمانتاران سوێندنی یاساییان نەخوارد و
دەستەی سەرۆکایەتییش هەڵنەبژێردرا، ئەوا پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە. نەک ٤٥ رۆژ،
بەڵکو ئەوە زیاتر لە ٥ مانگە فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێم دەرچووە و هێشتا دەستەی
سەرۆکایەتیی هەڵنەبژێدراوە. ئەمە دیارە و هەموو کەسێک دەزانێت هۆکاری
پێکنەهێنانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان پارتی و یەکێتین، بەوپێیەی پۆستی
سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردووەتە یەک پاکێج لەگەڵ پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی
پۆستەکانی دیکەش. وەک ئەوەی جووت حزبەکە باسی دەکەن، لەسەر زۆینەی پۆستەکان رێککەوتوون
و تەنها چەند پۆستێکی سیاسی ماوە یەکلایی بکەنەوە، ئەمە وەک رووکەش، بەڵام ئەوەی باس ناکرێت ئەمەیە، لەسەر
هەموو پۆستەکان رێککەوتوون بەڵام پێکهێنانی کابینەکە و دەستەی سەرۆکایەتیی
پەرلەمانیش دەخەنە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە. چۆن؟ چونکە ئێستا جووت
حزبەکە چییان بەدەستەوە ماوە دەنگدەرانی خۆیان و هاوڵاتیانی پێ لە خشتە بەرن؟ یەکێتی
و خودی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکە پێش هەڵبژاردن هەڵایەکەی گەورەیان
دروستکردبوو، دەیانوت پارتی دەڕوخێنن و کۆتایی بە مەسرور بارزانی دەهێنن و هەژماری
من هەڵدەوەشێننەوە چونکە هەژماری مەسرورە و هی ئەوان نییە! ئێ هەر دوای هەڵبژاردن
خودی بافڵ تاڵەبانی پیرمامی کردووە بە رێی کانی! ئەوەتا خۆی دەڵێت من دانیشتم
لەگەڵ مەسرور بارزانی پێ باشترە لە پێکهێنانی حکومەت! لەسەر هەژماری منیش وەک
ئەوەی ئەو نەبووبێت کاتی بانگەشە ئەیوت هەژماریییی مەسرووور! ئێستا دەڵێت
پڕۆژەیەکی چاکە و فەرمانبەرانی سلێمانییشیان ناچار کردووە و بە زۆرەملێ فۆڕمی
هەژمارەکەیان پێ پڕ دەکەنەوە. لەولاشەوە پارتی بەردەوامە لە هەڵتەکاندن و
رووتاندنەوەی گیرفانی خەڵک بەناوی پڕۆژەی رووناکییەوە، تەبعەن بە پاڵپشتیی یەکێتی،
چونکە یەکێتی پاڵپشتی نەکات پارتی قەت نەیەتوانی لە سلێمانی ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ
بکات، ماشەڵای لێ نەبێ پڕۆژەی رووناکییەکە ماڵی ئەوانەی کردووە بە تاریکستان کە
بەشدارییان کردووە. ئێ ئەمە دەست و دیاری پارتی و یەکێتییە پێش
هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش، ئەگەر حکومەتیش ئێستا پێکبهێنن و دەست خەنەوە ناو
دەستی یەک پێش هەڵبژاردن( تەبعەن ٣٣ دانە ساڵە شەریکی یەکترن و هەر کاتێک دەڵێن
ناکۆکین درۆ دەکەن)، ئیتر چی درۆیەکیان پێ دەمێنێت بۆ دەنگدەرەکانیانی بکەن؟ چۆن
جارێکی دیکە لە روویان یەت بێنەوە بەردەم خەڵک و مایک بشکێنن؟ ئەوەی گرنگە
هاوڵاتیانی هەرێمن، جارێکی دیکە باوەڕ بەم دز و درۆزنانە نەکەنەوە و لە هەڵبژاردن تۆڵەی ئەم ٣٣ ساڵەیان لێ بکەنەوە کە وەک کێچ کەوتوونەتە کۆڵی هاوڵاتیان و نەهامەتی
نەماوە بەسەریاندا نەهێنن.