سەردێڕ:

نەیارە ڕاستەقینەکانى ئەزمونى حکومڕانى پارتى کێن..؟

PM:02:03:20/04/2025
2400 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+ -

نەیارەکانى ئەزمونى حکومڕانى پارتى کێن..؟ ئەوانەن کە تەنها لەهەڵبژاردن یاخود بۆ چەند مەبەستێک شەڕى میدیاى لەدژ دەکەن و دواتر لەگەڵیدا ڕێکدەکەون..؟

نەیارەکانى ئەزمونى حکومڕانى پارتى ئەوانەن چى قسەى توند نەبێت لەدژى دەڵێن بەتایبەت لەهەڵبژاردن یاخود لەکاتى سەرهەڵدانى ململانێیەکەوە کە پەیوەندى بۆ پۆست و بەرژەوەندییەکەوە هەبێت..؟ ئەوانە نەیارى ڕاستەقینەى پارتین کە بڤەیان هەیە بەرامبەرى..؟

نەیارەکانى پارتى دواى هەڵبژاردن دەبنە بەشێک لەسیاسەتەکانى و شەریکە بەشى و ڕێکدەکەون لەگەڵی..؟

یاخود نەیارە ڕاستەقینەکانى ئەزمونى حکومڕانى پارتى ئەوانەن هەموو ئەو ئەزمونانەى ڕابردوو لەگەڵیدا دووبارە ناکەنەوە..؟

دەستپێک بۆ شیکردنەوەیەک:

بەو پێیەى بەدەرئەنجامى دوا هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پارتى براوەى یەکەمەو ئێستا سەرقاڵى پێکهێنانى کابینەى دەیەمە، بۆیە لەسەر ئاستى حزبیش بەیەکەم ناودەهێنرێت، ئەمەش پاشخانێکى مێژووى هەیە بۆ ئەو حزبانەى کە سەرەتا وەکو ئۆپۆزسیۆن دامەزراون، گوتارى ڕەخنە و ئاڕاستەى کاریان وەک نەیار بەرامبەر پارتى پیشانداوە و پێانوابووە مادام پارتى حزبى یەکەمى دەسەڵاتە دەبێت گوتارەکان ڕووەو ئەو بێت، هەر بۆیە لەسەر ئاستى چەند حزبێکى ئۆپۆزسیۆن لەڕابردوو و هەروەها ژمارەیەک کەسایەتى سیاسى، هەمیشە چەکوشى ڕەخنەیان ڕوو لەپارتى کردووە، وایان پیشانداوە نەیارى سەرسەختى پارتین، دەیانەوێت حکومڕانى لەڕێگەى گۆڕین و شکستهێنان بەپارتیەوە بگۆڕن، بەڵام دواتر زۆرینەى زۆرى ئەو حزب و کەسایەتیە سیاسیانەى کە ژمارەیان پێشتر بەنەیارى سەرسەختى پارتى دەناسران و هەر بەو هۆیەشەوە خەڵکى دەنگى پێدەدان لەهەڵبژاردن یاخود پشتیوانى دەکردن کەچى ئەوانەش هەڵدەگەڕانەوە و لەگەڵ پارتى ڕێکدەکەوتن، پەیام و بەڵێن و هەڕەشە و دروشمەکانیان لەدژى پارتى بیردەکرد.

 

ئەم گوتار و ئاڕاستەیە لەدواى ساڵى ٢٠١٨ ەوە بەچڕى لەنێو یەکێتیدا کە خۆى حزبى دەسەڵاتە پیادە کرا، گروپێک، باڵێک، بەرپرسێکى ئەو حزبە ناو بەناو گوتارێکى ئاگرینى لەدژى پارتى بڵاو دەکردەوە، لەچاوپێکەوتنە میدیاى و زۆربەى ڕوداوە سیاسیەکاندا لەو گروپ و کەسایەتیانە وا خۆیان پیشاندەدا کە دژى پارتین و سیاسەتەکانى ڕەتدەکەنەوە، کەچى هەر یەکێتیش بوو ڕیفراندۆمى لەگەڵ پارتیدا کرد، لەدواى ئەو ساڵەشەوە جارێکى تر ساڵى ٢٠١٩ کابینەى لەگەڵدا پێکهێنا، لەنوێترین گۆڕینى ئاراستەى یەکێتیدا لەنەیارى میدیاى و دروشمەوە بۆ نەیارى مەیدانى لەسەر دەستى باڤڵ تاڵەبانى سەرۆکى ئێستاى یەکێتیەوە ڕوویدا.

لەبانگەشەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کورستاندا، سەرۆکى یەکێتى هەموو درۆشمێکى کردە دژى پارتى، جیاواز لەپێشتر، توندتر لەوانەى پێش خۆى، تا ئاستى بەرزکردنەوەى دروشمى ڕوخاندن ڕۆشت، ئەوە سەربارى داهێنانى چەند جموجۆڵێک لەوانە مایک شکاندن و هەڕەشە کردن بەدەستەواژەى زارى بارزانیەکان و ناوهێنانى مەسرور بارزانى بەمەسرور و دەیان جوڵەى جیاوازى تر.

 

بەڵام لەبنەمادا هەموو ئەمانە یەک ڕاستى لەسیاسەتى یەکێتى و سەرۆکەکەى و زۆربەى ئەو حزب و کەسایەتیانە کە لەپارتى و یەکێتى جیادەبنەوە نەگۆڕى، ئەویش پاراستى بڤەکانە، لەدوا چاوپێکەوتنیدا باڤڵ تاڵەبانى ئەوەى درکاند، ڕاستە ناوى مەسرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى هێنراوە و ڕەخنەیان لێگراوە بەڵام بەلاى ئەوانەوە مەسعود بارزانى و مەلا مستەفا بارزانى بڤەیە.

 

ئەم حەقیقەتە و گەڕانەوە بۆ سەر پلێتە ئەسڵەکە، ڕەگو ڕیشەکەى لەیەکێتى و ئەوانەدا هەیە کە لەپارتى جیابونەتەوە یان بۆ قۆناغێک وا خۆیان پیشانداوە کە نەیارێتى ئەو حزبە دەکەن، کەچى دواتر یان لەگەڵیدا ڕێکەوتوون، یاخود بونەتە بەشێک لەپلان و سیاسەتەکانى و بەجۆرێک لەجۆرەکان خزمەتیان کردووە، ئەم ئەزمونە لەسەردەمى جەلاڵ تاڵەبانیشدا دووبارە بووەوە، بینیمان لەدواى چل ساڵ ململانێ  و کوشتار لەگەڵ ماڵى بارزانى دا چووە سەر گۆڕى مەلا مستەفا و جۆرە پەشیمانبونەوەیەکى دەربڕى، لەساڵى ٢٠٠٩ کاتێک مەسعود بارزانى کاندیدبوو بۆ سەرۆکى هەرێم شار بەشار بۆ دەنگ کۆکردنەوە بۆ مەسعود بارزانى دەگەڕا.

هەرچى ئەوەى پەیوەندى بەگۆڕانیشەوە هەیە، جۆرێک لەم ئەزمونە دووبارەیە، کە ئەوەى شارەزایە لەکاروبارى گۆڕان، نەخشەکەى بۆ خودى نەوشیروان مستەفا دەگەڕێنێتەوە.

 

هەر لەچاوپێکەوتنەکەى باڤڵ تاڵەبانیدا ئەو ڕاستیە ئاشکرا کرا، خواست و برەو لەسەر ئەو ئەزمونەیە کە پێشتر وەکو نەیارى پارتى ناو بانگى ڕۆشتووە و دەرکردووە، بۆنمونە ئەگەر حزبێک دروشمى گۆڕانکارى بۆ گۆڕینى سیستمى حکومڕانى بەرزکردەوە، ئەو کات پارتى و یەکێتى بەپلە یەک بەهۆکار دەزانێت وهەر بۆیە گۆڕینى پارتی و شکستپێهنانى لەحکومڕانى دەبێت ئەولەویات لەڕێگەى هەڵبژاردنەوە، بەڵام بەلاى سەرۆکى یەکێتەوە هەرچەندە دروشم و پلانەکان بەو شێوەیە دژى پارتى بن بەڵام لەقۆناغى دواى هەڵبژاردن دەبێت لەگەڵ ئەو حزبەدا ڕێکبکەویت، یان سازشى بۆ بکەیت و خەڵکت تەنها ئەو کاتە پێویست بێت کە تۆ دروشم دژى پارتى بڵێیتەوە و دەنگت پێبدەن بەڵام ئیدى دواى هەڵبژاردن حەکیم ترین سیاسەت ئەوەیە لەگەڵ پارتى ڕێبکەویت و شەریکە بەشى بکەیت و سیاسەتە نادروستەکانى دژى ژیانى خەڵکى بچەسپێنێت، ئەمە مەبەستى ناوەڕۆکى سیاسەتەکانى ئێستاى سەرۆکى یەکێتى بوو کە لەسەر زارى خۆیەوە دەرى بڕى، بەتایبەت کاتێک ووتى شاسوار عەبدولواحید ناتوانێت بەرپرسیارێتى هەڵبگرێت و دواى هەڵبژاردن بەشدارى حکومەت ناکات!...

 

کەواتە هەر بەو دانپێدانانە دەردەکەوێت، ئەزمونى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و سیاسەتى سەرۆکەکەى، نەزمێکى نوێیە، مۆدیلى نەیارێتى تەقلیدى پارتى تێپەڕاندووە، ئەم مۆدێلە تەنها لەهەڵبژاردن و میدیاوە دژایەتى ئەزمونى حکومڕانى ناکات، یان بۆ ئەوە دژایەتى و ئۆپۆزسیۆنى پارتى ناکات بۆ ئەوەى دواتر لەگەڵیدا ڕێبکەوێت یاخود شەریکە بەشى بکات یان ببێتە خزمەتکارى بەرژەوەندییەکانى، بەڵکو بۆ ئەوە ئۆپۆزسیۆنى پارتى دەکات دەنگى خەڵکى بەدەستبهێنێت و دواتر ئەو دەنگە بپارێزێت تا ئەوکاتەى دەتوانێت خۆى کابینەى حکومەت پێکبهێنێت و گۆڕانکارى لەپێناوى ژیانى خەڵکیدا بکات.

 

کەواتە لەئەنجامدا ئەوە دەردەکەوێت، ئەوانە نەیارى سیاسەتى حکومڕانى پارتى نین کە تەنها بۆ هەڵبژاردن دروشم دژى دەڵێنەوە، یاخود لەمیدیاوە لەدژى دەوەستنەوە و لەژوورە داخراوەکاندا سازشى بۆ دەکەن، یاخود ئەوانە نەیارى ڕاستەقینەى سیاسەتەکانى پارتى نین کە بۆیە خۆیان پیشاندەدەن کە دژى پارتین بەڵام تەنها بۆ ئەوەى لەگەڵى دانیشن!..

بەڵکو ئەوانە ئۆپۆزسیۆن و نەیارى ڕاستەقینەى ئەزموونى حکومڕانى پارتین، کە نایانەوێت حکومەتى لەگەڵدا پێکبهێنن، نابنە شەریکە بەش و خزمەتى سیاسەتەکانى ناکەن، ئەوانەن کە قسە و کرداریان لەدژى پارتى یەکە، نەک ئەمڕۆ لەهەڵبژاردن داروبەردى بەسەر یەکدا لەدژى بدەن و دواتر بەدیمەنێکى بەزەى ئاساوە لەگەڵ پارتیدا ببینرێن و پیانوابێت پارتى هەر دەبێت حکومڕان بێت.

گەلەری