خراپی دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و ئەو پیشێلکارییانەی لەسەر ئازادی رادەربڕین هەیە، بووەتە یەکێک لە تەوەرەکانی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
راپۆرتی ساڵی ٢٠٢١ی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، لە چەند شوێنێکدا باسی کەمی ئازادی رادەربڕین و رفاندن و دەستگیرکردنی چالاکوانان دەکات لە هەرێمی کوردستان.
راپۆرتەکە بەوە دەستپێدەکات، کە پارتی و یەکێتی هەریەکەیان خاوەنی ئاسایش
و دەزگای هەواڵگری خۆیانن و ئەو هێزانەش بە شێوەیەکی توند ئەشکەنجەی بەشێک لە زیندانیکراوانیان
داوە.
دەشڵێت، دۆخی گرتوخانەکانی هەرێم خراپە، بەشێک لە زیندانەکان لەگەڵ ئەوەی
ژمارەیەکی زۆر سزادراویان تێکراوە، کەمترین خزمەتگوزاریشیان تێدانیە.
زیندانیکراوانی بادینانیش بەشێکی تایبەتی لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی
ئەمریکا بۆ تەرخانکراوە، بەو پێیەی لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، سزاداراونی بادینان
لە ساڵی ٢٠٢٠ لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندان و داواکرنی مافەکانیان دەستگیرکراون و رێگریان
لێکراوە کەسوکار و پارێزەرەکانیان ببینن.
هەرچی سەبارەت بە رۆڵی دادوەران و ئەنجومەنی دادوەرییە، وەزارەتی دەرەوەی
ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، ئەنجومەنی دادوەریی، بە سیاسی کراوە و پارتی و یەکێتی دەستێوەردان
لە کاروباری ئەنجومەنەکە دەکەن.
لە درێژەی راپۆرتەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لێدان و گرتنی رۆژنامەنوسانیشی
باس کردوە، لەوانە، هێرشکردنە سەر تیمی ئێن ئاڕ تی لەو کاتەی روماڵی خۆپیشاندانی بەشێک
لە گەڕەکەکانی هەولێری کرد دژی کەم ئاوی.
راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیشانی دەدات، کە ئەو وڵاتە چاودێری
دۆخی هەرێمی کوردستان دەکات و بەرپرسانی هەرێم ناتوانن پێشێلکارییەکانیان دژی رۆژنامەنووسان
و چالاکوانان و ئازادی رادەربڕین بشارنەوە.