سەردێڕ:

لەبارەی ناردنی ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم روونکردنەوە دەدرێت

PM:06:38:05/08/2021

19364 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سه‌رۆكی پەرلەمانی عێراق را‌یگه‌یاند، ناردنی ٢٠٠ ملیاره‌كه‌ بۆ یه‌ک مانگ نییه‌، تا ئه‌و كاته‌یە كه‌ بودجه بە تەواوەتی‌ جێبەجێ دەکرێت به‌رده‌وام ده‌بێت، دەشڵێت، "هیوادارین بەغدا ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینارەکەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیش بۆ هەرێم بنێرێت."


به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا را‌یگه‌یاند، "حكومه‌تی عێراق دواكه‌وتووه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی كاره‌كانی بودجه‌، ئێمه‌ داوامان له‌ كردووه‌ په‌له‌ بكه‌ن له‌ ته‌واوكردنی ورده‌كاری بودجه‌، كه‌ وایكردووه‌ پڕۆژه‌كان دوابكه‌وێت و خەڵک زەرەرمەند دەبێت."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دواكه‌وتنی به‌شی هه‌رێمی كوردستانیش بەشێکە لە دواکەوتنی کۆی بودجەی عێراق و په‌یوه‌ستیشە‌ به‌ كاری لیژنه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم، كه‌ وردبینی ده‌كه‌ن بۆ داهاتەکانی هەرێمی کوردستان و تا ئێستا کاری لیژنەکان تەواو نەبووە و هیوادارین لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو ببێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "حكومه‌تی عێراق بڕیاریداوە بڕێک پاره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، کە ٢٠٠ ملیار دینارە تا كاتی جێبەجێکردنی بودجه‌."

دەشڵێت، "ناردنی ٢٠٠ ملیاره‌كه‌ بۆ یه‌ک مانگ نییه‌، تا ئه‌و كاته‌یە كه‌ بودجه‌ جێبەجێ دەکرێت به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆیە پێویستە ئەم مانگەش ئەو بڕە پارەیە بنێردرێت و هیواداریشین ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینارەکەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بنێردرێت."

به‌شیر حه‌داد راشیگەیاندووە، "چەند لایەنێکی سیاسی و کوتلەیەک هەوڵ دەدەن بەربەست بخەنە بەرەدەم ناردنی پارە بۆ هەرێم، بەڵام پێموایە حکومەتی عێراق دەتوانێت بەردەوام بێت لە ناردنی پارەکە."

سەرەڕای ئەوەی ماوەی چەند مانگێک بوو داهاتەکانی حکومەتی هەرێم بەردەوام لە زیادبووندابوون و بەشی دابەشکردنی موچەی دەکرد بەبێ لێبڕین، بەڵام مانگی رابردوو، کاتێک بەغدا بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد و هیچ بیانوویەک نەمایەوە بۆ بەردەوامیدان پێی، بڕیاردرا بێ لێبڕین موچە دابەشبکرێت تا ئەو کاتەی بەغدا لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بەردەوام بێت.













گەلەری