سەردێڕ:

بایدن باس لەکۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی پوتین دەکات

PM:10:52:28/03/2022

10256 جار خوێندراوەتەوە

لەچوارچێوەی وتارێکیدا لە قەڵای شاهانە لە وارسۆی پایتەختی پۆڵەندا، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە بەردەوامنەبوونی پوتین لە سەرۆکایەتی و ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی هێرشەکانی روسیا بۆ سەرئۆکرانیا و بەردەوامبوونی جەنگەوە رایگەیاند، "ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا ناتوانێت بەردەوامبێت لە مانەوەی لە دەسەڵاتدا"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی پوتین لێکدرایەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی جەنگەوە روسیا ناتوانێت لە لیستی ٢٠ وڵاتە بەهێزەکەی جیهان لە رووی ئابورییەوە بمێنێتەوە، مانەوەی روسیا لە جەنگی ئۆکرانیادا بەڵگەیە لەسەر شکتهێنانی ستراتیجی مۆسکۆ لەسەر ئاستی جیهاندا.

دوابەدوای لێدوانەکەی جۆ بایدن، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا بەنیاز نییە کۆتایی بە دەسەڵاتی ڤلادیمیر پوتین بهێنێت. وتیشی، ئەگەر ئەمە رووبدات ئەوە واتای دەستوەردانە لەکاروباری ناوخۆ و سیاسەتی روسیا.

هەروەها، لەلایەن خۆیەوە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فەرەنسا-٣ رایگەیاند، لە دۆخی جەنگی ئۆکرانیادا پێویستە هەموو لایەک بە قسە و کردار خۆیان بگرن و کۆنتڕۆڵی خۆیان بکەن.

هاوکات، ئۆلاف شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێ ئاڕ دی ئەڵمانی رایگەیاند، گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە روسیا ئامانجی ناتۆ و سەرۆکی ئەمریکاش نییە.

هەروەها، دوای وتەکانی لە قەڵای شاهانە لە وارسۆ و پاش گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە کاتێک لە یەکێک لە کڵێساکانی واشنتۆن هاتە دەرەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لەبارەی گۆڕینی سیستمی حکومڕانی لە روسیا وتی، "نەخێر".

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر و لەکاتی سەردانیکردنی یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە پۆڵەندا و پێشکەشکردنی وتارێکدا بۆ فەرماندە و سەربازەکانی وڵاتەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا وتی، کچان و کوڕانی سەربازی ئەمریکا لێرە یان لەوێ دەجەنگن. دوابەدوای ئەوەش، وتنی چەمکی "لێرە یان لەوێ" لێکدانەوەی جیاوازی بۆکرا و بەشێک لە راڤەکاران و چاودێرانی سیاسی و سەربازی وتیان ئەگەر ئەم لێدوانە هەڵەکردن نەبێت، ئەوا ئەمریکا بەنیازە سوپا رەوانەی ئۆکرانیا بکات و رووبەڕووی سوپای روسیا بێتەوە. دواتریش کۆشکی سپی روونکردنەوەی لەسەر قسەکانی بایدن دەرکرد و ئاشکرایکرد، بایدن مەبەستی لەوە نەبووە.













گەلەری