سەردێڕ:

تاڵیبان بڕیارێکی لەبارەی هێشتنەوەی ریشی پیاوانەوە دەرکرد

PM:06:33:28/03/2022

32964 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند چاوگێکەوە باسی لەوەکردووە، تاڵیبان لەڕێگەی "وەزارەتی هاندان بۆ کاری باشە و رێگری لە بەدڕەوشتی" خاڵی چاودێری داناوە و هەر کارمەندێک ریشی نەهێشتبێتەوە یاخود لە دابونەریت لابدات رێگەی پێنادرێت بچێتە فەرمانگەکە و دواتریش لە کارەکەی دووردەخرێتەوە.


ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە دەروازەکانی سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتدا چاودێری داناوە و پشکنین دەکات کە ئایا کارمەندەکان ڕیشیان هێشتووەتەوە و پابەندن بە دابونەریت لە ڕووی پۆشینی جل و بەرگەوە یاخود نا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رێنمایی بە هەموو فەرمانبەرانی حکومەت دراوە کە ڕیشیان نەتاشن و جلوبەرگی "کلتوریی ئەفغانی" بپۆشن، کە لە کراسێک و پانتۆڵێکی درێژ و فش و کڵاو یان عەمامە پێکهاتووە.

باس لەوەشکراوە، کارمەندەکان پێیان وتراوە لەمەودوا ناتوانن بچنە ژوورەوەی نوسینگەکان و لەکۆتاییدا دەردەکرێن ئەگەر پابەندی ئەو شێوازی پۆشینی جلوبەرگە نەبن.

ئەمەش دوای بڕیارێکی دیکەی تاڵیبان دێت کە هەفتەی رابردوو رایگەیاند، ژنان ناتوانن بە بێ یاوەرێکی نێر گەشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بکەن. هەروەها تاڵیبان شکستی هێنا لە کردنەوەی خوێندنگاکانی کچان کە پێشتر بەڵێنی دابوو بە داخراوی نەیانهێڵێتەوە.

رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیەش، بڕیاریدا باخچە و پارکەکان بۆ هەردوو رەگەزی نێر و مێ جیا بکرێنەوە و ژنان تەنها سێ رۆژ لە هەفتەیەکدا دەتوانن سەردانی پارکەکان بکەن، پیاوانیش چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا.













گەلەری