سەردێڕ:

زیلینسکی: بە یەک مەرج ئامادەین داواکارییەکەی روسیا جێبەجێ بکەین

AM:10:41:28/03/2022

106532 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند،"ئۆکرانیا ئامادەیە وەکو بەشێک لە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ رووسیادا پابەندی پێگەیەکی بێلایەن ببێت، بەڵام دەبێت لەلایەن لایەنی سێیەمەوە گرەنتی بکرێت و راپرسییەکی لەسەر بکرێت".


ڤلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیدا لەگەڵ رۆژنامەنووسانی رووسی کە ٩٠ خولەکی خایاند ئاماژەی بەوەدا، "داگیرکارییەکەی رووسیا بووەتە هۆی وێرانکاری لەو شارانەی ئۆکرانیادا کە دانیشتوانەکەی بە زمانی رووسی قسە دەکەن".

باسیلەوەشکرد، زیانەکان زۆر گەورەترن لە زیانەکانی جەنگەکەی رووسیا لە چیچان.

ئاشکراشیکرد، " ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گرەنتییە ئەمنییەکان و بێلایەنی و پێگەی وڵاتەکەمان وەکو وڵاتێک کە چەکی ناوەکی نیە."

زیلینسکی ئەوەشیخستۆتەروو، "ئۆکرانیا لەمیانەی گفتوگۆکاندا لەگەڵ ڕووسیادا تاوتوێی بەکارهێنانی زمانی رووسیی کردووە لە ئۆکرانیادا، بەڵام ڕەتی کردەوە گفتوگۆ لەسەر داواکارییەکانی دیکەی روسیا بکات، لەوانەش داماڵینی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا."

هاوکات بەپێی میدیای فەرمیی تورکیا، لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پۆتین سەرۆکی روسیا لەسەر ئەوە ریککەوتون کۆبونەوەی داهاتوی شاندەکانی روسیا و ئۆکرانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئۆکرانیا لە ئیستەنبوڵ ئەنجام بدرێت.

 ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی ٣٣ رۆژە هێشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوامە و شاندی دانوستانکاری هەردوو وڵاتیش لە بێلاروسیا لە گفتوگۆدان بەڵام هەتا  ئێستا گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبووە.













گەلەری