سەردێڕ:

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: وەزارەتی داراییش ئاگای لە فرۆشتنی نەوت نییە

AM:10:52:05/02/2022

3480 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی داراییش ئاگای لە فرۆشتنی نەوت نییە. دەشڵێت، "نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و تا ئێستاش هەر ٣٥٠ ملیۆن دۆلار دەدرێتە وەزارەتی دارایی".


زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگای کۆمپانیای دیلۆیتەوە رادەگەیەنرێت، ئەوەی کە هەیە حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە لە %٥٨ ی داهاتی نەوت بۆ کرێ و خەرجی کۆمپانیاکانی نەوت دەڕوات لە ٤٢%ی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێم.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێم دەمێکە بە پەرلەمانی کوردستانی وتووە کە چاکسازی دەکات بۆ بەدواداچون لە خەرجی کۆمپانیاکانی نەوت، بەڵام لە راپۆرتی ساڵانەدا کە کۆتایی ساڵ درا بە لیژنەی دارایی هەر لە ٥٨% داهاتی نەوت بۆ کۆمپانیاکانی نەوت رۆیشتبوو، هەرچەندە ئێستا نرخی نەوت زۆر بەرزە، بەڵام تا ئێستا هەر مانگانە ٣٥٠ ملیۆن دۆلار دەدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ دابەشکردنی موچە.

باسی لەوەشکرد، تەنانەت وەزارەتی داراییش هەر ئەو ٣٥٠ ملیۆنە دەزانێت کە دێتە سەر حسابەکەی و ئاگای لە فرۆشتنی نەوت نییە.

زیاد جەبار ئاشکراشی کرد، ئەگەر چاکسازی لە داهاتەکانی هەرێمدا بکرێت، حکومەتی هەرێم دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و موچەی موچە خۆرانی خۆی بدات، بە تایبەت کە ئێستا نرخی نەوت بەرزە و فرۆشتنی نەوت داهاتی ژمارە یەکە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق، مانگانە وەزارەتی سامانە سەروشتییەکان داهاتی نەوت بڵاو ناکاتەوە؟ سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان وتی، "ئەوەی هەیە تەنها راپۆرتەکانی دیلۆیتە، ئیتر هیچ شتێکی تر نیـیە، خۆتان دەزانن ماوەیەکی درێژە، مەسەلەی ئەنجومەنی نەوت و گازە کە دەبوو کۆببێتەوە، بەڵام لەم کابینە من نەمبیستووە کۆببنەوە، ئەوەی هەیە تەنها ئەو ٣٥٠ ملیۆن دۆلارە کە دەیگۆڕنەوە بە دینار دەکاتە ٥٠٠ ملیار و شتێک بەکاردەهێنرێت بۆ موچە ئەوی دیکە تری نایزانین ئەوە نەبێت کە کۆمپانیای دیلیۆت بڵاوی دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵی هەیە بۆ ئەوە کارە، هەتا لیژنەی تایبەتمەندیش گلەییان هەیە کە زانیاری وەک پێویستییان لا نیـیە."

لەلایەن خۆیەوە، گولیزار ڕەشید ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان و وزە و بازرگانی پەرلەمانی هەرێم رایگەیاند، ناکرێت دامەزراوەی نەوتی عێراق بەراوردی دامەزراوەی نەوتی کوردستان بکرێت عێراق لە چوار چێوەی دەوڵەت و بەهۆی بەشداری لە ئۆپیک و بازاڕە جیهانییەکانەوە ناچارە ئەو ڕێگایە بگرێتە بەر و مانگانە ڕاپۆرتی خۆی هەبێت، جیا لەوەش عێراق ڕێژەی بەرهەمی نەوت و هەناردەی نەوتی زۆرە.

دەشڵێت، "وەک لیژنەکەمان داوامان کردووە هیچ نەبێت حکومەتی هەرێم سێ مانگ یان شەش مانگ جارێک ئەو راپۆرتە بڵاوبکرێتەوە."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوت بەرزبۆتەوە، بەڵام هەتا ئێستاش هەر بڕی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار دەچێتەوە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی؟

گوڵیزار رەشید ئاشکرای کرد، گرفتێک هەیە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ لە ٢٠٢٠ کە نرخی نەوت زۆر دابەزی بەشێکی زۆری شایستەکانی نەوت نەدرابوون، ئێستا نرخی نەوت بەرز بووەتەوە و بەشێکی ئەو شایستانە دەدرێتەوە، دواتر لەم کابینەیە رێگا نەدرا کە قەرز زیاتر بکرێت."

هەروەها، لەبارەی کۆکردنەوەی داهات بەشێوەیەکی پێویست و ئاستەنگەکانی بەردەمی، گوڵیزار رەشید ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان وتی، گرفتێک هەیە لە ناوخۆی کوردستان، داهات وەک پێویست کۆناکرێتەوە بە تایبەت لە سنووری سلێمانی گرفتی جدیمان لەو بارەوە هەیە ئەمە کاریگەری هەبووە لەوەی کەموکورتی هەبێت لە دابینکردنی بوجە بۆ مووچە بە داخەوە خۆشیان دانیان بەوە ناوە کە سلێمانی گرفتی کۆکردنەوەی داهاتی هەیە بۆ تەواوکردنی موچە لەوێوە گرفت هەیە تا ئاستی ئەوەی کە بەشێک لە داهاتی ئەو شارە گومانی لەسەر هەیە ئەوەتا وەزیری دارایی بەڕێوەبەری گشتی بانکەکانی ئەو شارەی سڕکردووە."

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە حکومەتی هەرێم دەستی بەفرۆشتنی نەوت کردووە و بەردەوام پەرلەمانی کوردستان گلەیی ئەوەی هەبووە ئاگاداری گرێبەستی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و وردەکارییەکانی و داهات و خەرجییەکان نین، لەبەرامبەردا حکومەتیش وتووییەتی هەموو ئەو لایەنانەی بەشداری حکومەتییان کردووە ئاگاداری ووردەکارییەکانی فرۆشتنی نەوت و گرێبەست و داهاتەکانن.













گەلەری