سەردێڕ:

تورکیا: دەمانەوێت قەبارەی بازرگانی لەگەڵ هەرێم بۆ ٥٠ ملیار بەرز بکەینەوە

AM:11:38:29/01/2022

3384 جار خوێندراوەتەوە

سە‌رۆكی كۆمە‌ڵە‌ی پیشە‌سازان و خاوە‌نكارانی نێودە‌وڵە‌تی توركیا رایگەیاند، بەنیازن قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمدا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بگاتە‌ ٥٠ ملیار دۆلار.


ئەمڕۆ شەممە، نەواف قلج سە‌رۆكی كۆمە‌ڵە‌ی پیشە‌سازان و خاوە‌نكارانی نێودە‌وڵە‌تی توركیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی هاوبەشدا لەگەڵ سە‌رۆكی تە‌كێتی ھاوردە‌ و ناردنكارانی ھە‌رێمی كوردستان رایگەیاند، لە‌ ساڵی ٢٠٢١ دا قە‌بارە‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھە‌رێمی كوردستان ١٠ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بووە‌.

وتیشی، دە‌مانە‌وێت بۆ ساڵی ٢٠٢٣ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بگاتە‌ ٥٠ ملیار دۆلار.

مستە‌فا عە‌بدولرە‌حمان سە‌رۆكی یە‌كێتی ھاوردە‌ و ناردنكاران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ساڵی رابردوو ھە‌رێمی كوردستان بە‌بە‌ھای نزیكە‌ی ٢٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆری بازرگانی ھە‌بووە‌ لە‌گە‌ڵ وڵاتانی دە‌رە‌وە‌.

وتیشی، نیوەی‌ ئە‌و بازرگانییە‌ لە‌گە‌ڵ وڵاتی توركیا بووە‌ و زۆرترین كاڵای لێ ھاوردە‌كراوە‌.

ئاماژەی بەوەشدا، لە‌ ئێرانیشە‌وە‌ بە‌بە‌ھای ٧ ملیار دۆلار ئاڵوگۆری بازرگانی ھە‌بووە‌.

مستە‌فا عە‌بدولرە‌حمان ئەوەشی ئاشکرا کرد، بە‌ھۆی ئاورلێنە‌دانە‌وە‌ی تە‌واو لە‌ كە‌رتی پیشە‌سازی و كشتوكاڵ زیاتر كاڵامان ھاوردە‌ كردووە‌ نە‌ك ھە‌ناردە‌.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانی ئێران لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، لە ١٠ مانگی رابردوودا لە نێوان ٢١ی ئاداری ٢٠٢٢ تا ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ بە قەبارەی ١٣٣ ملیۆن تەن کاڵای بە بەهای ٨٠ ملیۆن و ٢٣٦ ملیار دۆلار هەناردەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کردووە.

دەشڵێت، عێراق لەسەر ئاستی جیهان پلەی دووەمی گرتووە لە هەناردە کردنی کاڵای ئێرانی لە ماوەی ١٠ مانگی رابردوودا.

ئاماژەی بەوەشداوە، چین بە پلەی یەکەم و عێراق بە پلەی دووەم و تورکیا بە پلەی سێیەم و ئیمارات چوارەم و ئەفغانستان بە پلەی پێنجەم دێن لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین کاڵای ئێرانی هاوردە دەکەن.

دەشڵێت، بەگوێرەی ئەم زانیاریانە قەبارەی بازرگانی ئێران بەڕێژەی ٧٪ گەشەی کردووە، چونکە هەناردەی وڵاتەکەی بە قەبارەی ١٠٠ تەن بە بەهای ٣٨ ملیۆن دۆلار و ٧٦٣ دۆلار بەرامبەر ٣٣ ملیۆن هاوردە بە بەهای ٤١ ملیار و ٤٧٣ ملیۆن دۆلار بووە.













گەلەری