سەردێڕ:

نوێ ترین زانیاری لەبارەی یەکەم سەبەتەی خۆراکی ئەم ساڵەوە

AM:09:14:28/01/2022

14124 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، رێکەوتی ٣٠ ئەم مانگە یەکەمین سەبەتەی خۆراکی ساڵی ٢٠٢٢دا بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت. دەشڵێت، "لە شەش مادەی خۆراکی پێکھاتووە".


وەزارەتی بازرگانی عێراق لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، عەلا جبوری وەزیری بازرگانی داوایکردوە لە ٣٠ ئەم مانگەوە دەست بە دابەشکردنی یەکەمین سەبەتەی خۆراکی ساڵی ٢٠٢٢ بکرێت.
لەلایەن خۆشییەوە، کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک ئاماژەی بەوەداوە، تەواوی رێوشوێنەکانیان گرتۆتەبەر بۆ ئامادەکردنی یەکەمین سەبەتەی خۆراکی ئەمساڵ.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە،  سەبەتەخۆراکییەکە جگە لە ئارد لە  زەیت و شەکر و فاسۆلیا و نۆک و دۆشاوی تەماتە و برنج پێکھاتووە.
کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک  باسی لەوەشکردووە، سەبەتە خۆراکییەکە بۆ سەرجەم ھاوڵاتیانی عێراقە و دەتوانن لەرێگەی پسوڵەی خۆراکەوە وەریبگرن.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ھەفتەی رابردوو وەزارەتی بازرگانی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، لەم ھەفتەیەوە و لەرێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە دەستدەکرێت بە دابەشکردنی یەکەمین سەبەتەی بەشەخۆراکی مانگانەی ھاوڵاتییان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیانراوەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراقدا ھاتووە، ماددەکانی سەبەتەی خۆراکییەکە بریتین لە نۆک و فاسۆلیا و برنج و رۆن و شەکر و دۆشاوی تەماتە و کوالێتیشیان بەرزە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی بازرگانی عێراق بە بڕیارێک دابەشکردنی بەشەخۆراک بۆ بەشێکی چین و توێژەکان راگرت، کە ئەو فەرمانبەرانەی مووچەیان لەسەرووی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینار زیاتر و بازرگان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەکان و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان و بەڵێندەران و ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین دەگرێتەوە.












گەلەری