سەردێڕ:

بڕیارێکی نوێ لەبارەی ماتۆڕسکیلەکانەوە

AM:10:30:27/01/2022

70404 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی عێراق پڕۆژەیاسای راگرتنی هێنانی ماترۆڕسکیلی پەسەند کرد کە بەپێی پڕۆژەیاساکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ هاوردەکردنی ماتۆڕ بۆ عێراق رادەگیرێت.


بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق رایگەیاند، حکومەت پڕۆژە یاسایی راگرتنی هێنانی ماتۆرسکیل بۆ ماوەی ٥ ساڵ پەسەند کردووە.

محەمەد عەبدولکەریم بەڕێوەبەری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی عێراق رایگەیاند، "لەو پرۆژە یاسایانەی پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کراون، پڕۆژە یاسای راگرتنی هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل بۆ ماوەی نێوان ٢ بۆ ٥ ساڵ رەزامەندی سەرەتایی وەرگرتووە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە.

محەمەد عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی ٦٠٠ هەزار ماتۆرسکیل لە عێراقدا بوونیان هەیە بەهەموو جۆرەکانیانەوە و زۆرینەیان لە شاری بەغدان.

شاخەوان محەمد بەرپرسی مەرزی باشماخ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان هێنانی ماتۆرسکیل پێشتر قەدەغەکرابوو، پاش ئەوەی کراویشتەوە بەهۆی مەرجەکانەوە زۆر بە دەگمەن ماتۆڕسکیل لە رێگەی دەروازە سنورییەکانەوە دەهێندرێنە ناو هەرێمەوە.

باسی لەوەش کرد، هەموو ئەو ماتۆڕانەی دێنە هەرێمی کوردستانەوە لەرێگەی خواروی عێراقەوە دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان و لەئەگەری جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسای راگرتنی هێنانی ماتۆڕسکیل بۆ عێراق کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ماتۆڕسکیل دەبێت لە هەرێمی کوردستانیش.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بوونی رێژەی زۆری ماتۆڕسکیل کێشەی بۆ پارێزگاکانی عێراق دروستکردووە و بە دیاریکراویش بەغدای پایتەخت بەهۆی زۆری ژمارەی ماتۆڕسکیلەکان تێیدا و چەند جارێک حکومەت ئاگاداری و بڕیاری لەبارەوە دەرکردوون و دواینیان ١٨ی ئەم مانگە بوو کە حکومەتی عێراق بڕیاریدا ئەو کەسانەی ماتۆڕسکیل بەکاردەهێنن دەتوانن تەنها یەک سەرنشین هەڵبگرن و نابێت لە دوو کەس زیاتر لەسەر ماتۆڕەکە بێت.












گەلەری