سەردێڕ:

لە نزیک سنورەکانی ئۆکرانیا روسیا مانۆڕی سەربازی ئەنجامدەدات

AM:12:23:27/01/2022

3732 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، لە ناوچەی سەربازیی باشوری ئە وڵاتە، چەند یەکەیەکی سەربازیی بۆ ئەنجامدانی مانۆڕ نێردراونەتە ناوچەی رۆستۆڤی نزیک لە سنورەکانی ئۆکرانیا.


وەزارەتی بەرگری روسیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە مانۆڕەکاندا ئامادەیی یەکە سەربازییەکان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دوور مەودا تاقی ده‌كرێته‌وه‌.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سوپای وڵاتەکەی لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا لە هەموو ئەو "ناوچانەی بەرپرسە لێیان" مانۆڕی سەربازیی ئەنجام دەدات.

وەزارەتی بەرگریی روسیا دەشڵێت، زیاتر لە ٢٠ کەشتی جەنگی بەمەبەستی ئەنجامدانی مانۆڕە سەربازییەکەی چوونەتە دەریای رەشەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ویندی شیرمان یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی بەشداری کردنی لە کۆڕبەندێکدا رایگەیاند، سەرەڕای زۆربوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەری، بەڵام وڵاتەکەی لەو باوەڕەدایە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی داهاتوو هێز بەرامبەر ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر لەوکاتەشدا ئەنجامی نەدات، ئەوا هەموو ئاماژەکان بە ئاراستەیەن کە لەکاتێکدا روسیا هێرش دەکاتە سەر ئۆکرانیا.

وتیشی، بەڵام ئەگەر لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا روسیا هێرشەکەی ئەنجامبدات ئەوا، شی جینپینگ سەرۆکی چین پێی دڵخۆش نابێت چونکە کاتی بەڕێوەچوونی ئۆڵۆمپیادی ٢٠٢٢ دەبێت و کاریگەری لەسەر دروستدەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەریەک لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و بەریتانیا هۆشداری توندیان دایە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێک بۆسەر ئۆکرانیا ئەوا سزای توند بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن کە خودی پوتینیش دەگرێتەوە.













گەلەری