سەردێڕ:

لەسەر رووداوەکانی عوزێم؛ چەند ئەفسەرێکی باڵا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت

PM:11:34:23/01/2022

3692 جار خوێندراوەتەوە

دواى ئەوەى چەند شەوى رابردووى ناوچەى عوزێمى پارێزگاى دیالە چەکدارانى داعش هێرشیانکردە سەر سریەیەکى سوپاى عێراق، کە ١٠ سەرباز و ئەفسەرێکى عێراقى کوژران، حکومەتى عێراق چەند بەرپرسێکی باڵاى سەربازى رەوانەى لیژنەى لێکۆڵینەوە دەکات.


یەحیا رەسوڵ وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق ئاشکرایکرد، فەرماندەى لیوا و فەرماندەى فەوج و ئەفسەرەکانی ئەو هێزەی کە هێرشیانکراوەتە سەر و بوونەتە قوربانی رەوانەى لیژنەى لێکۆڵینەوە کراون، لەسەر رووداوەکانى عوزێم.

یەحیا رەسوڵ وتیشى، ئەوەى روویدا شکاندن نەبوو بەڵکو دزەکردنە ناو سریەیەک بوو، کەموکورتییەکەى سەرکردە و فەرماندەکان بەپرسیارێتییەکەى هەڵدەگرن.

وتەبێژى فەرمى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، رووداوەکەى عوزێم هۆکارەکەى بێئاگایى بووە لەسەر ئاستى سەرکردە ناوەنجییەکان و بەرپرسەکانى خوارەوە.

ئاشکراشیکرد، "ئەوانەى تاوانەکەى عوزێمیان ئەنجامدا شەش کەش چەکدارى داعش بوون."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیانکردە سەر یەکێک لە سریەکانی فیرقەی یەکی سوپای عێراق لە ناحیەی عوزێمی سەر بە قەزای خاڵس و بەوهۆیەوە ١٠ سەربازی سوپای عێراق و ئەفسەرێک کوژران.

پاش هێرشەکەش، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، "ئەو تاوانە چەکدارییەی بەرامبەر رۆڵەکانیان لە سوپای عێراق لە پارێزگای دیالە ئەنجامدرا، بێ سزادانێکی یەکلاکەرەوە بە ئاسانی تێناپەڕێت."













گەلەری