سەردێڕ:

لەدوای هێرشەکانی داعشەوە وەزارەتی پێشمەرگە داوایەک ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵی دەکات

PM:02:52:22/01/2022

5912 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دەرکەوتنەوەی چالاکی گروپە چەکدارەکان و زیندبوونەوەی شانە نووستووەکان مەترسیەکی هەستپێکراوە. دەشڵێت، "پێداچوونەوە بە گرتنە بەری رێوشوێنەکان و هەوڵەکاندا بکرێت بۆ رێگری کردن لە دووبارە بوونەوەی هێرشەکان".


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکەی داعش بۆ سەر سوپای عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی چەکدارانی داعش بۆ سەر سوپای عێراق دەکەن کە بەهۆیەوە کۆمەڵێک لە جەنگاوەرانی فیرقەی یەکی سوپای عێراق لەناحییەی (عوزێم) لە پارێزگای دیالە، شەهیدبوون".

ئاماژەی بەوەشداوە، "بەردەوامی ئەم کردەوانە، ئەرکمان لەپێکەوەیی و بەردەوامی هەمەهانگی و هاوکارییەکان لە راوەدوونانی ئەو چەکدارانە زیاتر دەکات".

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، "دۆخی ئێستای ناوچەکە و دەرکەوتنەوەی چالاکی گروپە چەکدارەکان و زیندبوونەوەی شانە نووستووەکان مەترسیەکی هەستپێکراوە". دەشڵێت، هەماهەنگی و رۆڵبینینی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەدیاریکراوی لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیان هەیە، پێویستیەکی هەنووکەییە.

دباسی لەوەشکردووە، "دووپاتی دەکەینەوە، ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکە، داوا دەکەین پێداچونەوە و رێوشوێنی جددی بگرێتەبەر بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان و کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر لەپێناو راوەدونان و تێکشکاندنی تەواوەتی شانە نوستوەکانی داعش".

ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی دوێنێ رۆژی هەینی، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیانکردە سەر بنکەیەکی سوپای عێراق لە قەزای خاڵسی سەر بە پارێزگای دیالە و بەهۆیەوە ١١ سەربازی سوپای عێراق کوژران و نزیکەی ١٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

هەرچەندە لەساڵى ٢٠١٧ حکومەتى عێراق کۆتاییهاتنى داعشى راگەیاند، بەڵام ناو بە ناو چەکدارانى سەر بەو گروپە هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیان، لە ماوەی رابردووشدا هێرشەکانیان زیاتر کردووە.













گەلەری