سەردێڕ:

ئەم شەپۆلی بەفر و سەرمایە کەی کۆتایی دێت؟

AM:08:51:22/01/2022

27376 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی عێراق رایگەیاند، ئەو شەپۆلە جەمسەرییەی رووی لەناوچەکە و هەرێم و عێراق کردووە پێشبینیدەکرێت لە دوای رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە کۆتایی پێبێت.


عامر جابری بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی کەشناسی عێراق بە کەناڵی فەرمی ئیخبارییەی عێراقی راگەیاند، بە گوێرەی پێشبینییەکان شەپۆلی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما رۆژانی یەکشەممە و دوو شەممەی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبن و دواتر کەشوهەوا وردە وردە بەرەو دۆخی ئاسایی دەچێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ئاسمانی وڵات ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر نزمدەبنەوە، جگە لە هەندێ ناوچەی بەشی رۆژهەڵات، کە دەکاتە هەرێم، ئەگەری بارینی باران و بەفری هەیە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بارستە هەواکە، بارستەهەوایەکی جەمسەرییە و بە سایبیری ناسراوە و لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەوە کاریگەری لەسەر ناوچەکە و وڵات دروست کردووە.

دەشڵێت، بەهۆکاری ئەوەی بارستە هەواکە وشک و ساردە جۆرێک لە جێگیری لە کەشوهەوادا دروستکردووە و ئەمەش تا رۆژانی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین دەکرێت لە کۆتایی هەفتەدا، بەڵام کەش و هەوا بەشێوەیەکی خێرا دەگۆڕێت و زانیارییەکان بەردەوام نوێدەکرێنەوە و جارێ بە فەرمی راگەیاندراویان نابێت.

هاوکات، لە راگەیەنراوێکی دیکەیدا، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ئاماژەی بەوەدا، رۆژی شەممە پێشبیبنیدەکرێت لە هەرێم ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور و سارد بێت، بەڵام پلەکانی گەرما لە رۆژدا بەرزتر دەبنەوە لە رۆژانی رابردوو و لە شەودا وەک خۆیان دەمێننەوە.

ئەوەش هاتووە، رۆژی یەکشەممە لەسەرتاسەری وڵاتدا ئاسمان ساماڵ دەبێت و بەرزترین پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزدەبنەوە، بەڵام هیچ گۆڕانێک لە پلە نزمەکاندا روونادات، بەمەش کەشە ساردەکە بەردەوامدەبێت.

لەبارەی پێشبینییەکانی کەش و هەوای رۆژی دووشەممە، کەشناسی عێراق ئەوەی خستووەتەڕوو، ئاسمانی هەرێم هەوری تەواو دەبێت و پلەکانی گەرما هاوشێوەی رۆژی پێشتردەبن و ئەگەری بارانبارینیش هەیە. دەشڵێت، لەناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.













گەلەری