سەردێڕ:

رووسیا لە بارەی ئۆکرانیاوە داوایەک لە ئەمریکا دەکات

PM:08:53:19/01/2022

3928 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا پاڵپشتیکردنی سەربازیی ئۆکراینا لە رێگەی ناردنی چەکەوە رابگرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، سێرگی ریابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لە چوارچێوەی بەشداری کردنی لەو کۆنفرانسەی یانەی ڤالدایی نێودەوڵەتیی بۆ گەنگەشەکردن لە مۆسکۆی پایتەخت بۆ ھەڵسەنگاندنی بۆ چالاکییەکانی ئەمریکا لە ئۆکراینا رێکیخستبوو، رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا پاڵپشتیکردنی سەربازیی ئۆکراینا لە رێگەی ناردنی چەکەوە رابگرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، بەڕاستی دۆخی ئەوروپا لە رووی ئاسایشەوە ھەستیارە. ئەم دۆخە بەھۆی بەکارھێنانی ئۆکراینا لەلایەن واشنتۆن و ناتۆوه‌ وەکو فشارێک بۆسەر رووسیا، روویدا.

وتیشی، ئەمریکا پاڵپشتی سەربازیی ئۆکراینا دەکات. ئەوەشی خستەڕوو، "جەخت لەسەر گرنگیی راگرتنی پاڵپشتی سەربازیی بۆ رژێمی ئۆکراینا دەکەینەوە کە جەنگیان دەوێت ئه‌وه‌ش لە رێگەی گواستنەوەی چەک".

باسی لەوەشکرد، پاڵپشتی مەشقکردن و دروستکردنی بنکەی سەربازیی هه‌روه‌ها دانانی پلان بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی و جێبەجێکردنی بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا راستەوخۆ ھەڕەشە بۆسەر روسیا دروستدەکات.

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا باسی لەوەشکرد، ھیچ چالاکییەک ئەنجام نادەن کە ھەڕەشە بۆسەر ئۆکراینا درووستدەکات. دەشڵێت، "ئێمە تەنھا مانۆڕی سەربازیی لەسەر خاکی خۆمان ئەنجامدەدەین. بە رێکی جۆڵە بە یەکە سەربازییەکانمان دەکەین. لە داھاتووشدا بەردەوام دەبین لەسەر ئەنجامدانی ئەمە".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سێرگی ریابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش کە لە ئەوروپا یان لە هەر شوێنێکی دیکە مەترسی سەرھەڵدانی جەنگێکی فراوان لە ئارادا نییە و ئەوان نیازیان نییە ھێرش بکەنە سەر ئۆکراینا.

ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت ئەمریکا، ئۆکراینا ناچار بکات پابەندی رێککەوتنی مینسک بێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیرى دەرەوە بۆ نیشاندانی پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا باسى لەوەکردووە، لە سەردانەکەیدا بۆ ئۆکرانیا ئەنتۆنی بلینکن چاوی بە ڤلادیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە دەکەوێت، بەپێی بەرنامەی کاری سەردانەکەی ناوبراو بۆ ئەوروپا لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیاش کۆدەبێتەوە.

بڕیاریشە، بلینکن لە سویسرا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئۆکرانیا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا کۆبێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، کۆبوونەوەی چەند هەفتەی رابردووی شاندی دیپلۆماسی ئەمریکا و روسیا سەبارەت بە پرسی ئۆکرانیا بەبێ ئەنجام کۆتاییهات.













گەلەری