سەردێڕ:

عێراق داوایەک لە وڵاتانى ئەوروپى دەکات

PM:07:29:19/01/2022

4380 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتى فیدڕاڵی عێراق، لە بوارى سەربازى و ئەمنى و تەندروستی داوای هاریکارى و هەماهەنگی لە زیاتر لە وڵاتێکی ئەوروپی دەکات.


ئەمڕۆ چوارشەممە، نوسینگەی قاسم ئەعرەجى راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە دیدارێکیدا لەگەڵ ماورتیسۆ کریکانتى باڵوێزى نوێى ئیتالیا لە عێراق، جەختى لەسەر گرنگى پەیوەندییەکى پتەو و هاریکارى هاوبەشى کرد.

ئاماژەی بەوەشداوە، هەڵوێستەکانى ئیتالیاى بەرامبەر عێراق و پاڵپشتییە بەردەوامەکانى ئەو وڵاتەى لە بوارى لەناوبردنى داعش و دۆسیە مرۆییەکان بەرز نرخان.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، قاسم ئەعرەجى باسى لەوەشکردووە، حکومەتى عێراقى چاوى لەوەیە هاریکارى و هەماهەنگى لە بوارەکانى سەربازى و ئەمنى و تەندروستى و ئابورى و بازرگانى و گەشتوگوزار لەگەڵ ئیتالیا پەرەپێبدات.

بەگوێرەی راگەیەنراوێکی باڵوێزى ئیتالیا، ئاسایشى نەتەوەیى باڵویزى ئیتالیا ئاماژەى بەوەکردووە، وڵاتەکەى هاوکارى عێراقى کردووە لە رووبەرووبوونەوەى داعش.

دەشڵێت، هەروەها لەڕێگەى هاوپەیمانى ناتۆوە هاوکارى تریشى دەکات، بەتایبەت دواى ئەوەى لە مانگى پێنجى داهاتودا وڵاتەکەی سەرۆکایەتى ناتۆ دەکات.

جەختیشى کردووەتەوە، وڵاتەکەى گرنگى بەم هاریکارییە دەدات، لەڕێگەى راوێژکارەکانى و راهێنانى هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بەتایبەتى یەکەکانى پۆلیسى فیدرالى سەربە وەزارەتى ناوخۆى عێراق.

هەروەها، لە دیدارەکەدا کریکانتى رۆڵى عێراقى لە گفتوگۆى وڵاتانى دراوسێدا بەرز نرخاند، بەگرنگییەوە باسى لە میواندارى کۆنگرەى بەغداى ئەم دواییانەى کردووە.

هاوکات، بەگوێرەی لێدوانی قاسم ئەعرەجى عێراق بەشێک نییە لە ململانێى نێوان ئێران و ئەمریکا، هەوڵیش دەدات گفتوگۆى راستەوخۆ لەسەر خاکەکەى بکرێت، لەسەر سیاسەتى کرانەوەش بەردەوام دەبێت، سیاسەتى چارەسەرکردنى راستەوخۆى کێشەکان دەگرێتەبەر، ناچێتە ناو هیچ شەڕێکى ناوچەکەوە و ناشبێتە بەشێک لێی.

لەلایەکى دیکەوە، هەر ئەمڕۆ جومعە عەناد وەزیرى بەرگرى عێراق، لەگەڵ ئید ساندرى پاشکۆى سەربازى لە باڵوێزخانەى بەریتانیا لە عێراق، تاوتوێى هاریکارى سەربازى هەردوو وڵاتى کرد.

بەپێى راگەیەنراوێکی وەزارەتى بەرگرى عێراق، جومعە عەناد، لەکاتى پێشوازى کردنى لە عەمید ئید ساندرى پاشکۆى سەربازى لە باڵوێزخانەى بەریتانیا لە عێراق، تاوتوێى پەیوەندییە دووقۆڵییەکانى نێوان عێراق و بەریتانیا و و رێگەکانى پەرەپێدان و بەهێزکردنیانى کردووە، بەتایبەت لە بوارى سەربازیدا.

ئەمە لەکاتێکدایە،مانگی رابردوو ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرجەم هێزە شەڕکەرەکانی وڵاتەکەیی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق کشاونەتەوە و تەنها ئەو تیمانە ماونەتەوە کە ئەرکیان راوێژکاری و مەشقپێکردنی هێزەکانی عێراقە.













گەلەری