سەردێڕ:

دادگای فیدراڵی عێراق پێداچوونە بە تانەکان لەبارەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانەوە دەکات

AM:10:34:19/01/2022

2028 جار خوێندراوەتەوە

چاوەڕان دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، پێداچوونە بۆ ئەو تانانە بکات کە لەبارەی نادەستوورییەتی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە تۆمار کراون.


دوای ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەم، یەکەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق لە ٩ی ئەم مانگە ئەنجام درا و لە دانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی ھەڵبژێردران.

لە پێشتردا، نوسینگەی دادگای باڵای فیدراڵی بڵاویکردبووەوە، کە دادگای باڵای فیدراڵی رۆژی ١٩ی مانگ کۆدەبێتەوە و لە میانیدا پێداچوونە بەو دوو تانەیە دەکات کە لەلایەن ھەریەک لە باسم خەزعەل خەشان و مەحمود داود سەلمان لەسەر سەرۆکی پەرلەمان و نادەستوورییەتی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەم تۆمار کراون.

رۆژی ١٣ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا، کارەکانی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمان بەشێوەیەکی کاتی رابگرێت.

دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، باسم خەزعەل خەشان ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پاساوی ئەوەی کە دانیشتنەکە و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی نایاسایی بوون، سکاڵای لە دادگا تۆمار کرد.

پێویستە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەر لە ٨ی مانگی شوباتی داھاتوو، ئەو تانانە یەکلایی بکاتەوە کە لەبارەی لەبارەی نادەستوورییەتی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانەوە تۆمار کراون، چونکە بەپێی بەپێی خاڵی/ب لە بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆک کۆمار لەلایەن پەرلەمانەوە ەنگی پێبدرێت.













گەلەری