سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم لە ٢ی مانگەوە دەستی بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو کردووە، بەڵام دابەشکردنی موچە زۆر سستە و هێشتا نەتوانراوە موچەی نیوەی وەزارەت و شوێنەکان دابەشبکرێت.
چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیارە سبەی چوارشەممە، موچەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دابەشبکرێت.
سەرەڕای ئەوەی هەریەک لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆکاری
بارینی بافەرێکی زۆر و دروستبوونی ئاستەنگ لە رێگای نێوان بەشێک لە ناوچەکان، بۆ
ماوەی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە دەوامی فەرمیان راگرتووە، بەڵام موچەی ئەو وەزارەت
و بەرێوەبەراتییە گشتییانە دابەشدەکرێت کە وەزارەتی دارایی ئاماژەی پێداون.
لە ٢ی ئەم مانگەوە حکومەتی هەرێم دەستی بە دابەشکردنی
موچە کردووە و رۆژانە موچەی یەک یان دوو وەزارەت و شوێن دەدات، یانیش هی یەک شوێن
بە تەواوی نادات.
لە پێشتردا، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا، وەزارەتی
دارایی هەرێم سێ جار گۆڕانکاری لە لیستی موچەی پێنجشەممەی پێشوودا کرد و هەر جارە
و ناوی چەند وەزارەتێک دەبات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم پێشتر بانگەشەی ئەوەی
کرد، کە هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشدەکات.
داھاتی نەوتی فرۆشراو بە بۆری زیاتر لە ترلیۆنێک و ٢٠٠
ملیار دینارە و کۆی داھاتی ناوخۆش زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ ھاوکاری مانگانەی
ھاوپەیمانان کە ٢٨ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت بۆ دابەشکردنی موچە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی
بەغدایە.
هێرش قادر، هەولێر
هـ.ئـ