سەردێڕ:

دوو زانکۆی هەرێمیش دوو رۆژ دەوامیان راگرت

PM:02:31:17/01/2022

9740 جار خوێندراوەتەوە

هەردوو سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و پۆلەتەکنیک لە سلێمانی بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، پابەندی بڕیارەکەی پارێزگاری سلێمانی دەبن و بۆ ماوەی دوو رۆژە دەوام لە زانکۆکانیان راگرت.


ئەمڕۆ دووشەممە، پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، باپەندن بە فەرمانی پارێزگاری سلێمانی و بەوهۆیەوە رۆژی سێشەممە و چوارشەممە دەوامی فەرمی زانکۆ رادەگیرێت.

هەروەها، چاوگێک لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پابەندی بڕیاری پارێزگاری سلێمانی دەبن و لە پیناو پاراستنی سەلامەتی مامۆستایان و خوێندکاران سبەینێ رۆژی سێشەممە و دوو سبەی رۆژی چوارشەممە دەوامی فەرمییان نابێت و راگیراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، پارێزگاری سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پاڵپشت بەدەسەڵاتەی پێیان دراوە، بە هۆی بارینی بەفرێکی زۆر و سەختی کەشوهەوا و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتییان، دوا بەدوای راوێژ و راپۆرتی کەشناسی سلێمانی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆکایەتی یەکە ئیدارییەکان بڕیاردا بە راگرتنی دەوامی سەرجەم فەرمانگەکان لە سنوری پارێزگاکە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە هەردوو رۆژی ١٨ و ١٩ی کانونی یەکەم و بۆ ماوەی دوو رۆژ دەوامی فەرمی سەرجەم فەرمانگەکان رادەگیرێن.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، راگرتنی دەوام ئەو فەرمانگانە ناگرێتەوە کە لە ئەرکی خزمەتگوزارییە گشتی و خێراکاندان ئێشکگرن.

هەروەها، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی راگەنراوێکی بڵاوکردەوە وتیایدا هاتووە، "دوای راوێژ لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەی سلێمانی، بڕیارماندا بە راگرتنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنج شەممە بەرواری١٨ و ١٩ و ٢٠ی ١ی ٢٠٢٢ لە گشت ناوەندەکانی خوێندن بە حکومی و ناحکومی یەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بە پێی خشتەیەکی تایبەت کە لە لایەن کارگێڕی قوتابخانەکانەوە دیاری دەکرێت تاقیکردنەوەکان دەچێتە رێکەوتی ٢٥ی ١ی ٢٠٢٢.

ماوەی نزیکی مانگێکە شەپۆلێکی سەرما رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و هەفتەیەکیش دەبێت شەپۆلێکی سەرما و بەفر و باران رووی لە هەرێم کردووە.

 

گۆران لوقمان - سلێمانی














گەلەری