سەردێڕ:

چەند نیشانەیەک ئاماژەن بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک

PM:10:36:29/12/2021

4480 جار خوێندراوەتەوە

هەندێک لە جۆرەکانی شێرپەنجەی مەمک لە ڕێگەی تیشکی سینییەوە دەردەکەوێت، زیاتر لەو ژنانەشدا روودەدات کە تەمەنیان لە سەرو ٥٠ ساڵەوەیە، هەر بۆیە دەرکەوتنی کۆمەڵێک نیشانە ئاماژەن بۆ توشبوون بەو نەخۆشییە.


ئیریکا ئێڵ مایر پزیشک و پسپۆڕ لە پەیمانگای دانا فاربەر بۆ شێرپەنجە لە بۆستن رایگەیاندووە، ئەو خانمانەی تەمەنیان کەمە و نەگەیشتوونەتە تەمەنێکەوە کە پشکنینی تیشکی سینیان بۆ بکرێت، رەنگە درک بە هەبوونی تۆپەڵێک یان گرێیەک بکەن و گرنگی پێنەدەن کە پێویستە لەم حاڵەتانەدا سەردانی پزیشک بکەن.

ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکردووە، پێویستە خانمان ساڵانە پشکنینی مەمک ئەنجام بدەن و لە کاتی هەر گۆڕانکارییەک لە مەمکیاندا سەردانی پزیشک بکەن، کاتێک هەست بەم نیشانانە دەکەن بە خێرایی بچنە لای پزیشکی پسپۆڕ، کە ئەگەری هەیە ئاماژە بێت بۆ توشبوون بەو نەخۆشییە:

یەکەم: هەستکردن بە دەرکەوتنی گرێیەک لە مەمکدا.

دووەم: لەکاتی تێکچوونی پێستی دەوری مەمک یان لێبوونەوەی پێستەکەی.

سێیەم: سەرگۆی مەمک بچێتە ناوەوە.

چوارەم: بوونی دەردراو یان خوێن یان تێکچوونی شێوەی سەر گۆی مەمک.

پێنجەم: هەستکردن بە خوران و سوربوونەوەی و هەستیاریی لەمەمکدا.

شەشەم: هەوکردنی مەمک کە ئەگەری هەیە ئاماژە بێت بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک.

حەوتەم: گۆڕانکاریی لە شێوە و قەبارەی مەمکدا رووبدات.

هەشتەم: بەبێ هیچ هۆکارێک لە پڕ کێشی جەستەت دابەزێت.

نۆیەم: بەشێوەیەکی ناسروشتیی مەمک گەورەبێت و بئاوسێت.

دەیەم: هەستکردن بە ئازار لە مەمکدا و زیاتر زیاتر لە چەند ڕۆژێک بخایەنێت.

ئ.ل













گەلەری