سەردێڕ:

باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا: ٣٨٨ کۆچبەر گەڕێنراونەتەوە

PM:05:10:11/09/2026

868 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا ٣٨٨ کۆچبەری عێراقی گەڕێنراونەتەوە و هەماهەنگیی ئاستبەرز لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی لیبیا بەردەوامە بۆ رزگارکردنی کۆچبەرانی دیار و نادیار و ئامادەکردنیان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە.


ئەمڕۆ هەینی ١١ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، ئەحمەد سەحاف هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بڵاویکردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی بەغدا و هەرێم، توانراوە ٣٨٨ کۆچبەری عێراقی بگەڕێنرێنەوە، لە ئێستاشدا کار دەکرێت بۆ دۆزینەوە و پاراستنی ژمارەیەک کۆچبەری تر کە لە ناوچەی کشتوکاڵیی (تاجوراء) لە رۆژهەڵاتی تەرابلوس لەلایەن تۆڕەکانی قاچاخچییەتییەوە دەستبەسەر کراون.

روونیشی کردەوە، باڵیۆزخانەکەیان کارەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارەزوومەندانە و ئارام بۆ سەرجەم ئەو عێراقییانەی لە لیبیان، لەو چوارچێوەیەدا زانیاری دەست کەوتووە لەسەر بوونی ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی لە ناوچەی (تاجوراء) لە رۆژهەڵاتی تەرابلوس، کە ناوچەیەکی کشتوکاڵیی بەربڵاوە و دەڕوانێت بەسەر دەریادا و تۆڕەکانی قاچاخچییەتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە سوود لەو ژینگەیە وەردەگرن بۆ خەڵەتاندن و دەستبەسەرکردنیان.

وتیشی، بە هەوڵی بەردەوام و لەناو بارودۆخێکی ئاڵۆزدا تاوەکو ئێستا ٣٨٨ کۆچبەری عێراقیمان گەڕاندووەتەوە، پڕۆسەکەش بە بەردەوامی لەلایەن وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پشتیوانی دەکرێت بۆ دابینکردنی بلیت و ئامادەکردنی رێکارەکانی پێشوازیکردن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.













گەلەری