PM:03:26:11/09/2026
736 جار خوێندراوەتەوە
سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی دەڵێت، سەرەڕای ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان، قەیرانی وزە و ئاستەنگەکانی بازرگانی، گەشەی ئابووریی جیهان بۆ ئەمساڵ دەگاتە ٣٪ کە ئەمەش لە ئاستی پێشبینییە سەرەتاییەکان بەرزترە.
ئەمڕۆ هەینی ١١ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، جولی کۆزاک وتەبێژی سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی ئاشکرای کرد، ئابووریی جیهان بەهۆی گەشەی خێرای تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکردەوە لە بووژانەوەدایە، سەرەڕای گرانبوونی سووتەمەنی و خۆراک بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، هاوکات هۆشداریی دا لە بەرزبوونەوەی مەترسیداری قەرزی گشتیی وڵاتان کە گەیشتووەتە نزیکەی ١٠٠٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان.
وتەبێژی سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی
وتیشی، مەترسییە دارایی و ئابوورییەکان هێشتا بەردەوامن و بەپێی شیکارییەکانی
سندووقەکە، ئابووریی ئێستای جیهان لەنێوان دوو ئاراستەی جیاوازدا دەسووڕێتەوە، لە
لایەکەوە هۆکارە نەرێنییەکانی وەک گرانبوونی سووتەمەنی، پەینی کێڵگەکان و ماددە خۆراکییە
بنەڕەتییەکان بارگرانیی گەورەیان بۆ هاووڵاتییان و دەوڵەتان دروست کردووە، لە لایەکی
ترەوە گەشەکردنی بەپەلەی کەرتی تەکنەلۆژیا و وەبەرهێنان لە ژیریی دەستکرددا بووەتە
هۆی بەهێزکردنەوە و بووژانەوەی بازاڕە داراییەکان.
لە کۆتاییشدا، وتەبێژی سندووقەکە هۆشدارییەکی
توندی دا سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بێپێشینەی قەرزی گشتیی وڵاتان کە گەیشتووەتە نزیکەی
١٠٠٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان، کە ئەمەش بەپێی ئامارەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی بەرزترین رێژەیە لە دوای جەنگی جیهانیی
دووەمەوە تۆمار کرابێت.