سەردێڕ:

٢٥ ساڵ تێپەڕ دەبێت؛ ١١ـی سێپتەمبەر چی روویدا؟

PM:02:54:11/09/2026

820 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ٢٥ ساڵ بەسەر هێرشە خوێناوییەکانی ١١ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١دا تێپەڕی، ئەو رووداوەی بڕبڕەی پشتی ئاسایشی نێودەوڵەتیی هەژاند و بووە دەستپێکی گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سەرجەم هاوکێشە سیاسی و سەربازی و جیۆپۆلەتیکییەکانی جیهاندا.


ئەمڕۆ هەینی ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٦، ٢٥ ساڵ بەسەر هێرشەکانی ١١ـی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١دا تێپەڕ دەبێت، کە لەو ڕۆژەدا رێکخراوی قاعیدە لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی چوار فڕۆکەی مەدەنییەوە هێرشی کردە سەر سەنتەری بازرگانیی جیهانی و پنتاگۆن و بووە هۆی کوژرانی نزیکەی سێ هەزار کەس، ئەم رووداوە جەنگی جیهانیی دژ بە تیرۆری هەڵگیرساند و ئەمریکای کێشایە ناو جەنگە درێژخایەنەکانی ئەفغانستان و عێراقەوە.

لەو رۆژەدا ١٩ چەکداری سەر بە رێکخراوی قاعیدە دەستیان بەسەر چوار فڕۆکەی نەفەرهەڵگری مەدەنیی ئەمریکیدا گرت؛ دوو لە فڕۆکەکان خۆیان بە دوو باڵەخانەی سەنتەری بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرکدا کێشا، فڕۆکەی سێیەم بینای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)ی کردە ئامانج، و فڕۆکەی چوارەمیش بەر لە گەیشتنی بە ئامانجەکەی، لە ویلایەتی پەنسلڤانیا کەوتە خوارەوە.

ئەم هێرشانە بوونە هۆی کوژرانی دوو هەزار و ٩٧٧ کەس و برینداربوونی زیاتر لە شەش هەزار کەسی تر، کە زیانێکی بێپێشینەی بە ئابووریی ئەمریکا گەیاند، دوابەدوای رووداوەکەش، ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش ستراتیژی "جەنگ دژی تیرۆر"ـی راگەیاند، کە لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا بە ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ئەفغانستان و رووخاندنی دەسەڵاتی تاڵیبان دەستی پێکرد، بەهۆی داڵدەدانی ئوسامە بن لادن.

ئەم رووداوە لێکەوتەی ریشەیی لێکەوتەوە، لەوانە توندکردنەوەی تەواوی یاساکانی ئاسایشی فڕین و دامەزراندنی ئاژانسی TSA و قایمکردنی دەرگای کابینەی فڕۆکەوانان، هاوکات هەڵگیرسانی درێژترین جەنگی مێژووی ئەمریکا لە ئەفغانستان کە ٢٠ ساڵی خایاند و لە ئابی ٢٠٢١ کۆتایی هات.

هەروەها بەهۆی پەسەندکردنی یاسای (Patriot Act) دەسەڵاتی بەرفراوان درا بە ئاژانسە هەواڵگرییەکان بۆ چاودێریکردنی پەیوەندییەکان کە مشتومڕێکی گەورەی لەسەر تایبەتمەندیی تاک دروست کرد، و لە کۆتاییشدا رێگەی خۆش کرد بۆ داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی هاوکێشەی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.













گەلەری