سەرەڕای بەڵێنەکانی حکوومەت بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و گرانکردنی نرخەکەی، ئاستی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە دهۆک و ناوچەکانی دەوروبەری هەولێر بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و هاووڵاتییان رووبەڕووی قەیرانێکی نوێ بوونەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی ١١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەهۆی کەمبوونی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە دهۆک بۆ کەمتر لە ١٥ کاتژمێر، خاوەن مۆلیدەکان ناچار بوون رۆژانە ٨ بۆ ١١ کاتژمێر کارەبا بدەن، ئەمەش مەترسیی بەرزبوونەوەی کرێی ئەمپێرێک مۆلیدەی بۆ ٢٥ تا ٣٠ هەزار دینار دروست کردووە.
دوای قەیرانی بەنزین، کێشەی کارەبای ٢٤
کاتژمێریی "پڕۆژەی ڕووناکی" لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە
کۆنتڕۆڵ دەرچووە، بەپێی زانیارییەکان، لە سنووری پارێزگای دهۆک بە تێکڕا کەمتر لە
١٥ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاووڵاتییان.
لە لایەکی ترەوە، لە پارێزگای هەولێر دۆخی
کارەبا بە هەمان شێوە بەرەو خراپتربوون دەچێت، لە شارۆچکەی خەبات، ماوەی دوو رۆژە
لە کاتژمێر ٨ـی بەیانییەوە تا دوای نیوەڕۆ کارەبا بە تەواوی دەبڕێت، بە شێوەیەکی
گشتی، پێدانی کارەبا لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکان بۆ ئاستێکی زۆر کەم دابەزیوە.
ئەم خراپبوونی دۆخی کارەبایە لە کاتێکدایە
کە بەرپرسانی حکومەت بە ناوی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییەوە، نرخی یەکەی کارەبایان
لەسەر هاووڵاتییان و کاسبکاران بەراورد بە پێشوو تا ١٣ هێندە گران کردووە، بەڵام ئەم
پڕۆژەیەش نەبووەتە چارەسەر بۆ ئاستەنگی کارەبا لە ناوچەکەدا.