سەردێڕ:

وەزارەتی پێشمەرگە: پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی هات

PM:07:00:10/09/2026

364 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان بە فەرمی کۆتاییهاتنی پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی لە ژێر چەتری وەزارەتەکەدا راگەیاند و دەڵێت، هەرێم دەبێتە خاوەنی سوپایەکی سەردەمیانە و یەکگرتوو.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، وەزارەتی پێشمەرگە کۆتاییهاتنی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی لەژێر چەتری وەزارەتەکەی راگەیاند، دەشڵێت، تەواوی هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی لە شێوەی (لیوا و فیرقە و فەرماندەیی دەڤەر) رێکخراونەتەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ سەرجەم بەربەستەکان تێپەڕێنراون.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد، دوای چەندین ساڵ لە تێکۆشان و هەوڵی بەردەوام، بە هاوکاری و هەماهەنگیی راستەوخۆی فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠، سەرجەم بەربەست و گرفتە کەڵەکەبووەکان تێپەڕێنراون، وتیشی، هێزەکان لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی ورد و پلان بۆداڕێژراوی سەربازیدا رێکخراونەتەوە.

وتیشی، لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییە ریشەییەدا، تەواوی هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، لە شێوەی (لیوا و فیرقە و فەرماندەیی دەڤەر) رێکخراونەتەوە و هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازیش بە فەرمی دەستبەکاردەبن.

وەزیری پێشمەرگە ستایشی پاڵپشتیی بەردەوامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە سەرکردایەتیی ئەمریکای کرد، لە سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییەدا، هاوکات داوای کرد لە قۆناغی داهاتووشدا بە شێوازێکی جیاوازتر بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان.













گەلەری