سەردێڕ:

زەیدی هەفتەی داهاتوو سەردانی فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات

PM:05:59:10/09/2026

328 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی شاندێکی باڵا دەکات بۆ ئەنجامدانی گەشتێک بۆ هەردوو وڵاتی فەرەنسا و ئەڵمانیا، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و راکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، حەیدەر عەبوودی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو عەلی زەیدی بە سەرپەرشتی شاندێکی باڵا روو لە فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات، دەشڵێت، سەردانەکە لەسەر داواکاریی فەرمیی هەردوو وڵات دەبێت، کە تێیدا جەخت لەسەر تەوەرە سەرەکییەکانی وەک ئابووری، وەبەرهێنان، بازرگانی، وزە، پێشەسازی، تەکنەلۆژیا، پەروەردە و ئاسایش دەکرێتەوە.

وتەبێژی حکومەتی عێراق وتیشی، ئامانجی سەرەکیش لەم سەردانە گۆڕینی لێکتێگەیشتنەکانە بۆ هاوبەشیی کرداریی و کردنەوەی دەرگایە بۆ کۆمپانیا ئەوروپییەکان، کە ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی بەغدادایە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا.

روونیشی کردەوە، سەردانەکە کۆبوونەوەی ئاستبەرز لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی لەخۆدەگرێت، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاوازەکان و دواین پێشهاتە سیاسی و هەرێمییەکان دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق خوازیارە لە رێگەی ئەم سەردانەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پاریس و بەرلین بباتە ئاستێکی باڵاتر و دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا فەرەنسی و ئەڵمانییەکان بڕەخسێنێت، تاوەکو بەشداربن لە پڕۆژە خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنەرەکاندا.













گەلەری