سەردێڕ:

ئێران متمانەی بە تواناکانی زیاد کردووە و دەیەوێت ئەمریکا ماندوو بکات

PM:12:01:05/09/2026

208 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاند، ئێران متمانەیەکی زیاتری بە تواناکانی خۆی پەیدا کردووە بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


ئەمڕۆ شەممە ٥ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێران پێداگرە لەسەر درێژەدان بە ململانێکان بۆ چەندین مانگی دیکە، بە ئامانجی ماندووکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پەکخستنی هەوڵەکانی لە ناوچەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران، دوای ماوەیەک لە جەنگی ناوبەناو، تێگەیشتنێکی باشتری بۆ خاڵە بەهێزەکانی خۆی پەیدا کردووە. لەم دواییانەدا ئێران هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و هێزەکانی ئەمریکا چڕ کردووەتەوە. شارەزایان پێیان وایە کە گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بەم ئاڵۆزییانە ئێستا زۆر قورسە، چونکە ئێران هیچ ئامادەییەکی بۆ گفتوگۆ نیشان نەداوە.

باسی لەوەشکرد،  ئەوەی هاککەرە ئێرانییەکان لە پشت هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئەم دواییانەی سەر سیستەمی ئاوی ئەمریکا بوون. هەرچەندە ئەم هێرشانە نەبوونەتە هۆی ژەهراویکردنی ئاو، بەڵام بوونەتە هۆی پەککەوتنی سیستەمەکان لە هەندێک ناوچە و ناچارکردنی خەڵک بۆ بەکارهێنانی ترومپای ئاو. هەروەها مەترسی هەیە لە داهاتوودا ژێرخانی نەوت و گازی ئەمریکاش بکرێنە ئامانج.

هاوکات، بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وایە ئێران دەیەوێت جەنگەکە تا کاتی هەڵبژاردنە نیوەییەکانی ئەمریکا درێژ بکاتەوە. ئێران وایدەبینێت کە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بەردەوامیی جەنگ، فشارێکی سیاسی گەورە دەخاتە سەر سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و پارتی کۆماری، ئەمەش وەک کارتێکی فشار بۆ لاوازکردنی پێگەی ترەمپ بەکاردەهێنێت.

 














گەلەری