سەردێڕ:

شەپۆلێکی نوێی مایەپووچ بوون کۆمپانیا گەورەکانی ئەڵمانیا دەهەژێنێت

PM:04:23:04/09/2026

1488 جار خوێندراوەتەوە

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ئاماری مایەپووچ بوونی کۆمپانیا گەورەکان لە ئەڵمانیا بە رێژەی ١٠٪ بەرزبووەتوە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ بەردەوامیی گوشارە دارایی و کارگێڕییەکان لەسەر گەورەترین ئابووریی ئەوروپا.


ئەمڕۆ هەینی ٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، بەپێی توێژینەوەیەکی کۆمپانیای دڵنیایی (ئەلیانز ترەید)، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣٣ کۆپانیای گەورەی ئەڵمانیا (کە داهاتی ساڵانەیان لە ٥٠ ملیۆن یۆرۆ کەمتر نییە) مایەپووچ بوونی خۆیان راگەیاندووە، پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و بازرگانیی وردە لە پێشەنگی ئەو کۆمپانیایانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

بەپێی داتاکانی (ئەلیانز ترەید)، باری دارایی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا بەرەو خراپتربوون دەچێت، بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٩٤ حاڵەتی مایەپووچ بوون تۆمارکراوە کە بەرزترین ئاست بووە لە ساڵ. ٢٠١٥ەوە، بەراورد بە ٨٧ حاڵەت لە ساڵی ٢٠٢٤ و ٦٤ حاڵەت لە ساڵی ٢٠٢٣.

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، پیشەسازیی ئۆتۆمبێل بە حەوت کۆمپانیای گەورە لە پێشەنگی کەرتە زیانلێکەوتووەکاندا بوو، بەدوای ئەویشدا بازرگانیی وردە بە نۆ کۆمپانیا و پیشەسازیی ئامێر و خزمەتگوزارییەکان بە چوار کۆمپانیا بۆ هەر یەکێکیان هاتوون.

لە رووی داراییەوە، کۆی قەبارەی کارکردنی ئەو کۆمپانیایانەی ئیفلاسیان ڕاگەیاندووە بە ڕێژەی ٣٪ بەرزبووەتەوە بۆ ٤.٥ ملیار یۆرۆ، ئەو کۆمپانیایانەشی تێچووی وزە و وەبەرهێنانیان بەرزە زۆرترین مەترسیی داڕمانیان لەسەرە، لەسەر ئاستی جیهانیش لە شەش مانگی یەکەمدا ٢٤٧ کۆمپانیای گەورە مایەپووچ بوونیان راگەیاندووە (بەڕێژەی ١٣٪ بەرزبووەتەوە)، کە زیاتر لە ٦٠٪ی حاڵەتەکان لە ئەوروپای رۆژئاوا تۆمارکراون.













گەلەری