سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق چۆن بێت؟

PM:05:44:23/12/2021

6212 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، "چوارچێوەی هەماهەنگی"ی عێراق مەرجەکانی بوون بە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراقی رایگەیاند و دەڵێت، دەبێت سەر بە هاوپەیمانێتییەکەی ئەوان بێت.


عەلاء ئەلحەدادی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئاژانسی ئەلمەعلومەی راگەیاندووە، "گرنگترین ئەو مەرجانەی کە دەبێت لە کەسایەتی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراقدا بوونیان هەبێت، بریتیین لەوەی دەبێت شیعە بێت و گەرەنتی بەدەستهێنان و پاراستنی کیان و سەرۆکایەتیی دەوڵەت بکات لە دەستدرێژییە دەرەکییەکان."

ئاماژەی بەوەشداوە، "گفتوگۆ لەسەر ناوهێنانی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی وڵات دەبێت پاش کۆتاییهاتنی پرسی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بێت"، ئەو ئەندامەی هاوپەیمانێتییەکە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە "سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دەبێت سەر بە ئیتاری تەنسیقی بێت".

باسی لەوەشکردووە، "لە ئێستادا گفتوگۆکردن لەناو ئیتاری تەنسیقیدا لەسەر پرسی سەرۆکوەزیرانی داهاتووە کە تایبەتمەندییەکانی چی بن" و دەشڵێت، "تایبەتمەندییەکی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دەبێت ئەوە بێت کە ستەم لە حەشدی شەعبی و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆننەکات."

لەو بارەیەشەوە عەباس یابر ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان باسی لەوەکردووە، "حکومەتی ئێستا بەڵێنی خۆی نەبردە سەر بەرامبەر هاوڵاتییانی هەژاری وڵاتەکەی، بەڵکو بە مەبەست هۆکار بووە لە زیادکردنی رێژەی هەژاری و بێکاری لە رێگەی دابەزینی نرخی دینار لە وڵاتەکەدا."

چوار هەماهەنگی عێراق؛ هاوپەیمانێتی نێوان ژمارەیەک لە پارتە شیعییەکانە کە نوری مالیکی سەرۆکی لیستی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری و فالح فەیاز سەرۆکایەتی دەکەن و چەند حزبێکی دیکەی شیعەش تێیدا بەشدارن، کە لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراقدا، دەنگەکانیان بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو کەمیکرد.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو و تیایدا یەکەمجار بوو نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری هەڵبژاردنەکان بکات و ئەنجامی دەنگەکانیش گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆوە بینی.













گەلەری