سەردێڕ:

کازمی بڕیارێکی لەبارەی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێرەوە دەرکرد

PM:07:57:21/12/2021

14820 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بڕی دوو ملیار دینار وەک هاوکاری لە بودجەی فریاگوزاری بۆ زیانێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر بنێرێت.


ئەرکان شیبانی وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی هەفتانەی ئەنجومەنی نوێنەراندا رایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە دوو ملیار دینار تەرخان بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکوەزیران بڕیاری خەرجکردنی دوو ملیار دیناری دیکەشی داوە بۆ وەزارەتی تەندروستی بەمەبەستی چارەسەرکردنی بریندارانی خۆپیشاندانەکان. هاوکات، تەرخانکردنی بڕی ٣٠٠ ملیۆن دینار بۆ جوتیاران و پزیشکانی ڤێتەرنەری کە بێکاربوون و بڕی ٥٠٠ ملیۆن دیناریش بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کامپەکانی پەنابەران لە کوردستان و کامپی جەدعە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە فاروقی مەلا مستەفا سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی بە‌ڕێوە‌بردنی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بڕی یە‌ك ملیار دیناری بۆ بە‌ھاناوە‌چوونی قوربانیان و زیان لێكە‌وتووانی لافاوە‌كە‌ی ھە‌ولێر تە‌رخانکرد.

رۆژی هەینی رابردووش، دەزگای روانگە رایگەیاند، سەرۆکی هەرێم لە رێگەی دەزگاکەیانەوە بڕی یەک ملیار دینار وەک هاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی هەولێر تەرخاندەکات.

دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، زیانەکانی لافاوەکەی هەولێر زیاتر لە ٢١ ملیار دینارە و داوایان لە حکومەتی عێراق کرد لە ق ەرەبووکردنەوەیدا یارمەتیان بدات.

رۆژی هەینی رابردوو ١٧ی ئەم مانگە، لە شاری هەولێر بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە لافاو لە شارەکە دروستبوو و بەو هۆیەوە ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا و تا ئێستا تەرمی دوو کەس نەدۆزراونەتەوە کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن ١٠ مانگە.














گەلەری