سەردێڕ:

ژمارەی گیانلەدەستدان بە گەردەلولەکەی فلیپین بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

PM:06:21:20/12/2021

5896 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی گه‌رده‌لولی "رای" کە ناوەڕاست و باشوری خۆرهەڵاتی فلیپینی گرتەوە گیانیانلەدەستداوە، بەرزبووەوە بۆ ٣٧٥ کەس.


بەهۆی گەردەلولی رای'یەوە کە لە دوێنێوە لە فلیپین دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا ٣٧٥ کەس گیانیانلەدەستداوە، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن گەردەلولەکە خێراییەکەی گەیشتووەتە ١٩٥ کیلۆمەتر له‌ كاتژمێرێكدا و بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا و کاولکاری زۆر لە وڵاتەکەدا.

گەردەلولەکە بووەتە هۆی لافاو و زریان و رووخانی چەندین خانوو و شوێن و جگە لە گیانلەدەستدانەکان نزیکەی ٥٠٠ کەسیش برینداربوون، تاوەکو ئێستا ٥٦ کەسیش بێسەروشوێنن.

گەردەلولەکە کاریگەری لەسەر ژیانی نزیکەی ٧٨٠ هەزار کەس دروستکردووە و ٣٠٠ هەزار گوندنشینی ناچار بە جێهێشتنی ناوچەکەیان کردووە. بەمەبەستی هاوکاربوون لە هەڵمەتەکانی گەڕان و رزگارکردندا، سوپای فلیپین هێزی سەربازیی رەوانەی ناوچەکە کردووە.

لەو بارەیەشەوە رۆدریگۆ دوتەرتی سەرۆکی فلیپین لە میانی بەسەرکردنەوەی ناوچەکانی وڵاتەکەدا، ئاماژەی بەوە کرد کە بە ٤٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری دانیشتووانی ناوچەکە دەکەن.

ساڵانە تێکڕا ٢٠ گەردەلول و زریان لە فلیپیندا روودەدەن و لە ساڵی ٢٠١٣شدا، بەهۆی روودانی گەردەلوولی "هایان"، زیاتر لە شەش هەزار کەس لە فلیپین گیانیان لەدەستدا و زیانێکی زۆری ماددیش کەوتەوە.













گەلەری