سەردێڕ:

پۆلیسی فیدڕاڵی لەبارەی بێسەروشوێنبوونی چەند کارمەندێکی لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە روونکردنەوەی دا

AM:08:32:15/12/2021

3884 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی فیدڕاڵی لە کەرکوک رەتیکردەوە ژمارەیەک پۆلیسییان لە شاری کەرکوک لەکاتی مۆڵەتوەرگرتنیان و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە بێسەروشوێنبووبن و دواتر لە نەخۆشخانەی ئەو شارە تەرمەکانیان دۆزرابێتنەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵی کەرکوک راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا ھاتووە، ئەو ھەواڵانەی لەبارەی بێسەروشوێنبوونی پاسێکی کۆستەر بە سەرنشینەکانییەوە کە پۆلیسی فیدڕاڵبوون لەکاتی مۆڵەتیان و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە لەو پارێزگایە و دواتر لە نەخۆشخانەی کەرکوک تەرمەکانیان دۆزرابێتەوە رەتدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە بەکارھێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە وریارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ھەواڵانەدابکەن لەو تۆڕانە بڵاودەکرێنەوە، چونکە زۆرکات ھەواڵی ناڕاستی لەم شێوەیەی تێدا بڵاودەکرێتەوە.
راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەشوێن ئەوکەسانەدا دەگەڕێن کە ھەواڵی لەوجۆرە بڵاودەکەنەوە و رای گشتی بەلاڕێدادەبەن  بەئامانجی زیانگەیاندن بە ھێزەکانی پۆلیس.
ھەر لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، داوا لەھەموو لایەک دەکەن تەنھا ھەواڵ و زانیاری لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و فەرماندەیی ھێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵییەوە وەربگرن کە متمانە پێکراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا چەکدارانی داعش بەشێوەی جۆراوجۆری وەک ھێرش کردنە سەر بنەکەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی و بازەگەکانیان و دانانی بۆمبی چێنراو و ھێرشی خۆکوژییەوە چەندین کارمەندی پۆلیسی فیدڕاڵییان بە پلەی جیاواز کوشتووە.












گەلەری