PM:01:13:04/04/2026
1432 جار خوێندراوەتەوە
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئێن ئاڕتیی وت، بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی سێ بەندە بە دوو رێکارەوە و کۆتا بڕیاریش لە کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە لەلایەن سودانییەوە دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە ٤ـی نیسانی ٢٠٢٦، بەرپرسێکی باڵای عێراق بە ئێن ئاڕ تی وت، بۆ ئەم مانگە حکومەتی ماوەبەسەرچوو داوایکردووە ١٢٠ ملیار دینارەکەی داهاتی نانەوتیی مانگی سێی رادەستنەکات و داوایکردووە کەمتر لەو بڕە رادەستبکات. بەپێی زانیارییەکانیش حکومەتی ماوەبەسەرچوو بە بیانووی کەمیی داهاتەوە داوایکردووە یان رادەستکردنی ١٢٠ ملیارەکە دوابخرێت بۆ مانگەکانی داهاتوو یان بۆ مانگی سێ، ئەو داهاتە نانەوتیەی رادەستی بەغدای دەکەن کەمبکرێتەوە بۆ نیوە.
بەپێی قسەکانی ئەو بەرپرسە عێراقییە، تەیف
سامی وتوویەتی بۆ ناردنی مووچە بەبێ رادەستکردنی ١٢٠ ملیارەکە دوو مەرج هەیە،
یەکەمیان، لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە راپۆرتێک بۆ دارایی عێراق بنێردرێت کە کێڵگە
نەوتییەکانی هەرێم بەهۆی هەبوونی مەترسی لەسەریان ناچاربوون بەرهەمهێنانی نەوت
رابگرن و بەوهۆیەوە داهاتیان کەمیکردووە، دووەم مەرجیش ئەوەیە کە بڕیاری ناردنی مووچە
بێ ١٢٠ ملیارەکە دەبێت بە رەزامەندی و بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بێت.
کەواتە پێویستە لە چەند رۆژی داهاتوودا
وەزارەتی نەوت نووسراوەکە بۆ دارایی عێراق بنێرێت، کە لە ئێستادا وەزیرە کوردەکان
هەوڵی ئەوە دەدەن، دووەمیش پێویستە لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەمە سودانی بڕیارەکە
دەربکات.