PM:09:29:23/03/2026
988 جار خوێندراوەتەوە
بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری گەرمیان هۆشداریی دەداتە دانیشتووان و خاوەن پڕۆژەکانی نزیک رووباری سیروان و ئەو لقانەی دەڕژێنە ناوی، کە ئامادەکاری بکەن بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاو.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ـی ئازاری ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئاستی رووبارەکە بەرز ببێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو بڕە بارانە زۆرەی پێشبینی کراوە ببارێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەری زۆر هەیە بڕی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخانەوە زیاد بکرێت و زیاتر بێت لەوەی ئێستا هەیە، کە ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی سیروان دەبێت.
ئەم ئاگادارییە وەک رێکارێکی پێشوەختە بڵاوکراوەتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتییان، خاوەن کەپرەکان و گەشتیارەکان لە رووبارەکە دووربکەونەوە و بەدوور بن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.