سەردێڕ:

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی دۆخی نەوت و وزەیان کرد

PM:04:24:23/03/2026

684 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ هەڵسەنگاندنی کەرتی وزە و دۆخی سووتەمەنی کۆبووەوە و بە گوێرەی نوسینگەی سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی ئەمنی لە ناوچەکەدا کرایەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ـی ئازاری ٢٠٢٦، نوسینگەی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی، و ئامادەبوونی وەزیری نەوت و راوێژکارانی بوارەکە کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی تاوتوێی پێشنیازەکان کرا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەڕێگەی بۆریی نەوتی کەرکووک -جەیهان، هەروەها چەند پێشنیازێکی دیکەی تایبەت بە کەرتی هەناردە خرانەڕوو.

بە گوێرەی نوسینگەی سودانی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دیاریکردنی نرخی سووتەمەنی بۆ پڕۆژە ناوخۆییەکان لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت، حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات چارەسەرێک بدۆزێتەوە کە کارکردنی پڕۆژەکان بەردەوام بێت و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخە جیهانییەکانەوە تووشی گرفت نەبن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووریی ناوخۆ.

هاوکات حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە کۆگایەکی زۆر و پێویست لە بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی سووتەمەنی لەبەردەستدایە بۆ پاراستنی سەقامگیریی وزە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پاڵاوگەکان بە تەواوی توانای خۆیان و بەشێوەیەکی سەقامگیر کار دەکەن بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆی عێراق بەتەواوی پڕبکەنەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران کە بڕیاری گونجاو بدەن بۆ بەردەوامیی کاری شانەی قەیرانەکان تایبەت بە سووتەمەنی، ئامانج لەم هەنگاوە ئامادەکارییە بۆ چارەسەرکردنی دەستبەجێی هەر گرفتێک کە لە ئەنجامی رووداوە سەربازی و ئەمنییەکانی ناوچەکەدا بێتە پێشەوە، تاوەکو کاریگەری لەسەر دابینکردنی وزە دروست نەبێت.













گەلەری