٢٤ رۆژە جەنگ بەردەوامی هەیە و ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، وێستگەکانی کارەبای ئێران لەناو دەبەن وڵاتەکە بە تەواوی وێران دەكرێت، لەبەرامبەردا سوپای پاسدارانیش رایگەیاند، ئەگەر تۆڕی کارەبا بۆردومان بکەن، ئەوانیش تۆڕەکانی کارەبای ئیسرائیل بۆردومان دەکەن.
سێ هەفتە زیاترە جەنگ بەردەوامە، ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی ١٣ـی ئیسرائیلی وتووە، وێستگەکانی کارەبای ئێران لەناو دەبەن وڵاتەکە بە تەواوی وێران، وتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، هیچ پەناگەیەکی ئارام نییە بۆ ئێران و بریکارەکانی و تا گەیشتن بە ئامانجە سەربازییەکانیان بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان.
سەر لەبەیانی ئەمڕۆش سوپای ئیسرائیلیش باسی لەوەکرد، هێرشێکی بەرفراوانی
مووشەکەیان کردە سەر ژێرخانەکانی ئێران لە تاران و میدیاکانی ئێرانیش بڵاویانکردەوە، بەهۆی
هێرشێکی ئاسمانییەوە بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە خورەماوای ئێران کوژارو و
برینداری لێکەوتووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل دەشڵێن، موشەکێکی ئێرانیان تێکشکاندووە کە دەیویست
باکووری ئیسرائیل بکاتە ئامانج.
لای خۆیانەوە سوپای پاسداران دەڵێن، هێرشی مووشەکی نوێیان ئاڕاستەی
ئیسرائیل کردووە و دەشڵێن، ئەگەر تۆڕی کارەبا بۆردومان بکەن، ئەوانیش
تۆڕەکانی کارەبای ئیسرائیل وێران دەکەن. میدیاکانی ئیسرائیلیش دەڵێن زەنگی
ئاگادارکردنەوە لە بەشێكی زۆری ناوچەکان لێدراوە و دەنگی چەند تەقینەوەیەکیش لە
حەیفا بیستراوە.
وەزارەتی بەرگری سعودیەش دەڵێت، موشەکێکی بالیستییان تێکشکاند کە
ئاراستەی ناوچەی ریاز کرابوو و وەزارەتی بەرگری ئیماراتیش دەڵێت، بەردەوامن لە
بەرپەچدانەوەی درۆنەکان.
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەش وتی، رۆژانە ١١ ملیۆن بەرمیل نەوت
لەدەست دەدەن بەهۆی جەنگەوە و دەشڵێت، باشترین چارەسەر بۆ کێشەکانی ئێستا،
کردنەوەی گەرووی هورمزە.