سەردێڕ:

وتەبێژی کۆشکی سپی: ترەمپ رەزامەندی لەسەر چەکدارکردنی هیچ گروپێک نەداوە

PM:11:09:04/03/2026

1284 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە بنکە سەربازییەکانمان لە هەرێمی کوردستان قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد کردووە.دەشڵێت، "دەنگۆی پڕچەککردنی هێزە کوردەکانی ئێران رەت دەکەینەوە".


ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ـی ئازاری ٢٠٢٦، کارۆڵاین لێڤت، وتەبێژی کۆشکی سپی وتی، "دەتوانم قسە لەسەر ئەو راستییە بکەم کە سەرۆک ترەمپ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوبەش و هاوپەیمان لە سەرکردەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەی کردووە، سەرۆک ترەمپ قسەی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان کردووە لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو بنکە سەربازییانمان لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو راپۆرتانەی باس لە پڕچەککردنی هێزە کوردەکانی ئێران دەکەن هیچی راست نییە و بەتەواوی رەتی دەکەینەوە."

وتیشی، ئەمریکا لەژێر سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپدا، قۆناغێکی نوێی لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەستپێکردووە و تێیدا ئێران بە تەواوی تێکدەشکێندرێت.

دەشڵێت، واشنتن بڕیارێکی بوێرانەی داوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دوای ئەوەی هەموو هەوڵەکان بۆ دانوستان و دیپلۆماسی شکستیان هێنا، و دووپاتی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچن و ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە ٤٧ ساڵ لە حکومرانی ئێرانە.

سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە سوپای ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسادا، توانیویەتی گەورەترین و پێشکەوتووترین ژێردەریایی ئێران تێکبشکێنێت و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە لەکار بخات.

جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا خاوەنی کۆگای چەک و توانایەکی سەربازیی وایە کە زۆر لەوە زیاترە کە جیهان پێشبینی دەکات و ئەم هەنگاوانە نەک تەنیا بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمریکایە، بەڵکوو بۆ ئازادکردنی گەرووی هورمزە لە ژێر کۆنترۆڵی ئێران، کە ئەمەش خزمەتێکی گەورە بە کەرتی وزەی جیهانی و هاتوچۆی ئازادانەی کەشتییەکان دەکات.













گەلەری