سەردێڕ:

وەزارەتی ژینگە: ئاستی پیسبوونی ژینگە لە عێراقدا لە ھەڵکشاندایە

PM:04:52:10/12/2021

5200 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، ئاماژەکانی پیسبوونی ژینگەی وڵات دەریدەخەن کە رێژەی پیسبوونی ژینگە لە ھەڵکشاندایە.


ئەمرۆ ھەینی، جاسم فەلاحی بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی سیستمی ئاگادارکردنەوە و چاودێری کردنی گۆڕانکارییەکان لە ھەوا و ئاو و خاک، ئاماژە بە ھەڵکشانی رێژەی پیسبوونی ژینگەی عێراق دەدەن.
ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی ژینگە لایەنی باڵای چاودێریکردنی ھەموو ئەو چالاکییانەیە کە ژینگە پیسدەکەن لە ھەوا و ئاو و خاک.
دەشڵێت، ئاماژەکانی پیسبوونی ژینگەی عێراق زۆر بەرزن تا ئاستی ئاگادارکردنەوە و ھۆشداریدان.
لەبارەی پابەندبوونی وەزارەت و کۆمپانیاکان لە پیسنەکردنی ژینگەوە، جاسم فەلاحی ئاشکرای کرد، کەرتی تایبەت و وەزارەتەکان بەشێوەیەکی لاواز پابەندن بە پیسنەکردنی ژینگەوە، ئەوانیش لە جێبەجیکردنی یاسا و گرتنە بەری رێوشوێنەکان ھیچ چاوپۆشی ناکەن و لەو بارەیەشەوە سەدان سکاڵا لەسەر ئەو دۆسیەیە لە دادگاکانی عێراق تۆمار کراون.
باسی لەوەشکرد، دادگای عێراق داوای لە ژمارەیەک دادوەری کردووە بەدواچوون بۆ کەیسەکانی پیسکردنی ژینگەوە بکەن.
بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا عێراق کە کێشەی وشکە ساڵی و کەم ئاوی ھەیە، پیسکردنی ئاو یەکێکە لە و ئاڵنگارییانەی رووبەڕوی حکومەتی فیدڕاڵی دەبێتەوە، ئەمەش وادەکات ھەموو لایەک ھەوڵی زیاتر بدەن لە پێناو پارێزگاریکردن لە ئاوی پاک و تەندروست بۆ ھاوڵاتییان.












گەلەری