شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، لە سبەینێوە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی بەخووڕ بە هەورەبرووسکەی بەهێز و تەرزەوە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ـی شوباتی ٢٠٢٦، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە، "لە درەنگانی سبەی شەوەوە بۆ کاتی بەرەبەیان شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و هەورەبرووسکەی بەهێز و تەرزە تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بڕ و جۆری بارانبارین بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرەتای بارانبارینەکە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی
زاخۆ، دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دەستپێدەکات و لە کاتەکانی نیوەڕۆی رۆژی شەممە
کاریگەری شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت و تەواوی ناوچەکانی هەرێمی دەگرێتەوە."
دەشڵێت، "لە ناوچەکانی بادینان، کۆیە، سۆران، راپەڕین، سلێمانی و هەڵەبجە
ئەگەری بارانبارینی مامناوەند بۆ بارانی بەخووڕ و بەلێزمە هەیە و زۆرترین بڕی
بارانبارین دەکەوێته ئەو ناوچانە و پێشبینی دەکرێت بڕی باران لەنێوان ٢٠ بۆ ٤٠ ملم
بێت."
روونیشی کردەوە، "لە درەنگانی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە کاریگەری شەپۆلەکە
بەرەو لاوازبوون دەچێت و بارانبارین کۆتایی دێت و لەماوەی ئەم شەپۆلەشدا پلەکانی گەرما
سێ بۆ چوار پلەی سیلیزی دادەبەزێت و خێرایی با لە باشووری رۆژهەڵات چالاک دەبێت و
لە هەندێک ناوچە ٤٠ بۆ ٤٥ کیلۆمەتر تێپەڕ دەکات."