PM:07:12:12/02/2026
1732 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بڕیاری کۆتایی وەزارەتەکەی دەربارەی چارەنووسی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان راگەیاند و جەختی لەسەر جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ـی شوباتی ٢٠٢٦، هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ وتی، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە بێ سەرەتا ناسراون، بە هیچ شێوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ تۆمار ناکرێن و هیچ ژمارەیەکیان پێ نادرێت، ئەم بڕیارەش وەک هەنگاوێک بۆ رێگری لە سەرپێچییە یاساییەکان و پاراستنی ئاسایشی هاتووچۆ وەسف کراوە.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی
ناوخۆ دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرابووەوە کە ئەگەری
هەیە ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆمار بکرێن، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە
و دووپاتی کردەوە، کە ئەو ئۆتۆمبێلانە نایاسایین و ناتوانرێت مامەڵەی فەرمییان بۆ
بکرێت و شۆفێران و هاوڵاتیان دەبێت ئاگاداری پارەی خۆیان بن و مامەڵە بەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەوە
نەکەن.
هاوکات وەزارەتی
ناوخۆ داوا لە هاوڵاتیان دەکات پابەندی رێنماییەکان بن، چونکە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی
بێ سەرەتا بەرپرسیارێتی یاسایی لێ دەکەوێتەوە و لە کاتی بینینیدا لەلایەن مەفرەزەکانەوە،
دەستی بەسەردا دەگیرێت.