سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەنگۆیەک رەتدەکاتەوە

PM:06:38:12/02/2026

1696 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە فرۆشتنی باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە سیئۆلی پایتەختی کۆریا دەکەن بە کەسایەتییەکی هونەریی ئەو وڵاتە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ـی شوباتی ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە وردی بەدواداچوونیان بۆ ئەو هەواڵانە کردووە کە لە هەندێک لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە دەربارەی فرۆشتنی بالاخانەی باڵیۆزخانە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی کردەوە کە، "کۆماری عێراق هیچ بینایەکی باڵیۆزخانە یان خانووی نیشتەجێبوونی لە کۆریادا نییە."

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە، باڵیۆزخانەی عێراق لە سیئۆل لە رێگەی گرێبەستی کرێی فەرمییەوە شوێنەکەی دابین کردووە، هاوشێوەی ژمارەیەکی زۆر لە نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی دیکە و بەپێی ئەو رێکارە ئیداری و رێکخراوەییانەی لە کاری دیپلۆماسیدا پەیڕەو دەکرێن.
وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە کە ئەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی بینایەکی موڵکی دەوڵەتی عێراق دەکەن، دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە.

هاوکات داواشی لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا ورد بن و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن، تاوەکو رێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی نادروست دەربارەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکرێت.


 













گەلەری