سەردێڕ:

راگەیەندراوێک لە یەکێتی زانایانەوە سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان

PM:08:52:20/01/2026

1108 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان پەیامەكەی ئەوقافی سوریا بە پەڵەیەكی رەش ناودەبات و دەڵێت، ئەو هەنگاوە بە هەموو پێوەرێک پێچەوانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، داواش لە وتاربێژان دەكات لەوتاری هەینی داهاتوو، سەركۆنەی هێڕشەکان بكەن كە دژ بە ئایین و ئینسانیە و بۆ خەڵکی روون بکەنەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە نیگەرانیەکی قوڵەوە ئاگاداری رەوش و بارودۆخی کوردانی رۆژاڤاین، کە وێڕای ئەو هەمو ستەم و هێش و داگیرکاری و شاربەدەرو تاوانانەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی کورد ئەنجامدەدرێت، ئەوقافی سوریا گشتاندنێکی بڵاوکردووەتەوەو داوای قنوت و دوعا خوێندن لە سەرجەم پێشنوێژو وتارخوێنانی وڵاتەکەی دەکات بۆ سەرکەوتنی سوپای سوریا بەسەر هاوڵاتیانی کوردا.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوقافی سوریا داوای تەکبیر لێدان لە هەمو مزگەوتان دەكات وەک دەربڕێنی خۆشی بۆ سەرکەوتن و فەتحی کوردستانی رۆژاڤا، ئەو بڕیارە وێڕای ئەوەی پەڵەیەکی رەشە بۆ دامەزراوەی ئایینی سوریا، ئاماژەیەکی نامۆیە بۆ وڵاتێک کە بانگەشەی موسڵمانێتی بکات، چونکە ئەم هەنگاوە بە هەموو پێوەرێک پێچەوانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.

یەکێتی زانایان باسی لەوەشكردووە، "زۆر بە توندی سەركۆنەی ئەو هەڵوێستە شۆڤێنی و نا شەرعیە دەکەین، داواش لە سەرجەم ناوەند و کەسایەتی ئایینی ناو سوریا و جیهانی ئیسلامی دەکەین لەئاست ئەو کردە تاوانکاری و ناڕەوایە هەڵوێستیان هەبێت و ویژدانیانیان بجوڵێت".

دەشڵێت، "ئەرکە رێگە نەدەن ستەم و هێرشکاری لەژێر ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلام پەردەپۆش بکرێت و ئایەت و چەمک و زاراوەی ئایینی بۆ فەتح و ئیبادەکردنی گەلێکی موسڵمان بەکار بێنن، چونکە ئیسلام بەرییە ئەو جۆرە رەفتارە نامرۆڤانەیە، تەنانەت ئیسلام لەکاتی جەنگیش رێگەی نەداوە ژن و منداڵ و هاوڵاتی قەتلوعام بکرێن".

هاوکات داواش لە سەرجەم وتاربێژانی کوردستان دەکات لەوتاری هەینی داهاتوودا، وێڕای سەركۆنەكردنی هێرشەکان؛ ئەو کردە دژ بە ئایین و ئینسانیە بۆ خەڵک روون بکەنەوەو لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی تەئکید لە پەیامی ئاشتی و دیالۆگ و یەکهەڵوێستی گەلی کورد بکەنەوە.













گەلەری