سەردێڕ:

وەزارەتی بەرگری سوریا: ئاگربەست چووە بواری جێبەجێکردنەوە

PM:07:58:18/01/2026

800 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگریی سوریا، وەک جێبەجێکردنی رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە فەرمی راگرتنی تەواوەتیی شەڕ و ئاگربەستی لەسەرجەم بەرەکان راگەیاند، هاوکات راسپاردەی ئاراستەی هێزەکانی سوپا کرد کە پارێزگاری لە سەروماڵی هاوڵاتیان بکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی بەرگریی سوریا لە راگەیەنراوێکدا، وردەکاریی رێکارە سەربازییەکانی دوای رێککەوتنەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار و هێزەکانی سوریای دیموکراتی بڵاوکردەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ مەزڵووم عەبدی ئەنجامی داوە، "رادەگەیەنین کە ئاگربەست لەسەرجەم بەرەکان و راگرتنی گشتگیری کردەوە سەربازی و جەنگییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی پێکدادان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".

دەشڵێت، ئامانجی ئەم هەنگاوە بریتییە لە "ئامادەکاری بۆ کردنەوەی رێڕەوی ئارام بە مەبەستی گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ ناوچەکانیان، هەروەها زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە خزمەتکردنی هاوڵاتیاندا".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی بەرگری راسپاردەی ئاراستەی هێزە چەکدارەکان کردووە و دەڵێت، "راسپاردەی پیاوانی سوپای عەرەبیی سوریا دەکەین کە لە ئاستێکی بەرز و نموونەیی متمانە و بەرپرسیارێتیدا بن، بەتایبەتی لە ئەرکی پاراستنی هاوڵاتییان و پارێزگاریکردن لە ماڵ و موڵکیان، و هەروەها پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات".













گەلەری