سەردێڕ:

مارک ساڤایا لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی چاکسازییە بانکییەکانی عێراق

AM:10:32:15/01/2026

844 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینە و نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان رێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ سەرجەم مامەڵە داراییە گوماناوییەکانی ناو عێراق و وتیشی سزای نوێ بەڕێوەیە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئێکس وتی ،ئەم رێکارانە ئەو تۆڕ و لایەنانە دەکەنە ئامانج کە تێوەگلاون لە قاچاخچێتی، سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی بودجە بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکان، تاوەکو یەکپارچەیی سیستەمی دارایی و دەسەڵاتی دەوڵەت بپارێزرێت.

وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاستەنگەکانی چاکسازی لە بانکە حکومی و تایبەتەکان کراوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەنجامدانی پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە تۆمارەکانی پارەدانی گوماناوی و مامەڵە داراییەکانی ئەو دامەزراوە و کۆمپانیا و کەسانەی عێراق کە پەیوەستن بە قاچاخچێتی و  سپیکردنەوەی پارە و گرێبەستی ساختەوە کە پارەدارکردنی تیرۆر ئاسان دەکەن.

ساڤایا دووپاتی کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا لە سایەی سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپدا لە هەموو کات بەهێزترن.













گەلەری